كازمی‌ له‌جه‌دده‌: جەخت دەکەینەوە لەسەر چارەسەری کێشەکانی‌ ناوچه‌كه‌ بەرێگەی گفتوگۆ
  2022-07-16       543       

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەلوتکەی جەددە بۆ ئاسایش‌و پەرەپێدان بەشداری‌ كردو له‌وتارێكدا ڕایگه‌یاند، عێراق بۆ خزمەتی بەرژەوەندیە نیشتیمانییەکانی و ئاسایشی ناوچەکە بەگشتی بەردەوام دەبێت لە دەستپێشخەریی نوێ بۆ چارەسەری کێشەکانی ناوچەکە، بەجۆرێک جەخت دەکەنەوە لەسەر چارەسەری کێشەکان بەرێگەی گفتوگۆ و  دورخستنەوەی ناوچەکە لە بونی چەکی ئەتۆم.

ئاوێنه‌: ئه‌مرۆ شه‌ممه‌، بەئامادەبونی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق محەممەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسر، هەیسەم بن تارق، سوڵتانی عەممان، تەمیم بن حەمەد ئالسانی، میری قەتەر، حەمەد بن عیسا ئالخەلیفە، شای بەحرەین، مەشعەل ئەحمەد جابر سوباح، جێنشینی میری کوەیت و شا عەبدوڵای دووەم، شای ئوردن لوتکەی جەددە ده‌ستی‌ به‌كاركانی‌ كرد.

لەمیانەی بەشداریکردنی لەکۆنگرەی جەددە، مستەفا کازمی وتارێکی پێشکەشکردو رایگه‌یاند، کۆنگرەی بەغدا بۆ هاوکاری و کاری هاوبەش بو بە سەرەتایەکی گرنگ بۆ دروستکردنەوەی پەیوەندی لەنێوان وڵاتنی ناوچەکە و لەم کاتەشدا عێراق و وڵاتانی کەنداو چەندین هەنگاوی گرنگیان ناوە بۆ کاری پێکەوەیی لە سەرجەم بوارەکان.

راشیگەیاند، بە هاوکاری وڵاتان، عێراق توانی بەسەر تیرۆردا سەربکەوێت، "سەرباری قەیران و ئاستەنگەکان رۆڵی گەورەمان لەتێکشکاندنی تیرۆر لەناوچەکەدا هەبووە."

ئاماژەی بەوەشکرد، لەم کاتەدا تۆڕی کارەبای عێراق و سعودیە بەیەکەوە بەستراوەتەوە و لەداهاتوشدا تۆڕی کارەبا لەنێوان وڵاتانی کەنداو، میسر و ئوردنیش بەیەکەوە دەبەسترێت، لەبواری گفتوگۆ و کاری بەیەکەوەییش لەناوچەکەدا، عێراق بەردەوام دەبێت لە دەستپێشخەری دیکە بەجۆرێک خزمەتی بەرژەوەندی نیشتیمانی و ناوچەکە بەگشتی بکات.

سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، عێراق پشتیوانی لە چارەسەری کێشەکان بەڕێگەی گفتوگۆ دەکات تا ناوچەکە لە بونی چەکی ئەتۆم دوربخرێتەوە، بەوهۆیەش ناوچەکە دەبێتە پێگەیەکی ئارام بۆ وڵاتان و جیهان، هەروەها بەگرنگی دەزانن دۆسیەی فەڵەستین لەرێگەی راگرتنی پێشێلکارییەکان و جێبەجێکردنی خواستی فەڵەستینییەکان یەکلایی بکرێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×