لەسەر پاشەكەوتی موچە و پلە بەرزكردنەوە وەزیری دارایی بانگهێشتی پەرلەمان دەكرێت
  2022-07-17       783       


لیزا كاكەیی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، پەرلەمان ژمارەیەك راپۆرتی لەبارەی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان ئامادەكردووە و لەسەر ئەو بابەتە و پاشەكەوت و چەند بابەتێكی دیكەی دارایی وەزیری داراییش بانگهێشتی پەرلەمان دەكرێت.

ئاوێنه‌: ئەو پەرلەمانتارەی پارتی بە میدیای فەرمی حزبەكەی وتووە، لیژنەی دارایی ژمارەیەك راپۆرتی لەبارەی رەوشی دارایی ئامادەكردووە و بڕیارە پەرلەمان كۆبوونەوەیەكی تایبەت بەو پرسانەوە بەڕێوەببات، كە پەیوەستن بە بابەتی دارایی وەك پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان، هەروەها فەرمانبەرانی گرێبەست و چەندین بابەتی دیكە.

وتوشیەتی، حكومەت لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی پلە بەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران بەشێوەیەكی ئاسایی بەڕێوەبچێت، چونكە چەند ساڵێكە بەهۆی رەوشی خراپی دارایی و شەڕی داعش راگیراوە، بێگومان ئەمە مافێكی یاسایی فەرمانبەرانە و حكومەتیش ئەوەی لە توانایدایە بۆ پلە بەرزكردنەوە ئەنجامی دەدات.

ئەو پەرلەمانتارە ئاشكراشی كردووە، وەزیری دارایی بانگهێشتی پەرلەمان دەكرێت لەسەر پاشەكەوت و پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران و چەند بابەتێكی دیكەی دارایی، چونكە پێویستە رونكردنەوە بدات بە پەرلەمان و فەرمانبەرانی هەرێم.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×