سەركردەیەكی یەكێتی: ئەگەر عێراق توشی شەڕی ناوخۆ ببێت پەل بۆ وڵاتانی دەوروبەریش دەهاوێت
  2022-07-18       536       

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت، جۆرەها ئەجێندای شاراوە لە عێراق کاردەکات و لایەنەکان متمانەیان بە یەکتری نەماوە، بۆیە لە کاتێکدا هەوڵی پێکهێنانی حکومەت دەدرێت، کەچی هەوڵ بۆ دروستکردنی ئاژاوە دەدرێت و ئاگری دوربەرەکی خۆش دەکرێت.

ئاوێنە: شێرکۆ میروەیس، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و پەرلەمانتاری پێشوی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، بە دەنگی ئەمریكای راگەیاند "لایەنە عێراقیەکان بەرامبەر یەک پاشەکشە ناکەن، هەرلایەنێک چاوی لە پاراستنی قورسایی خۆیەتی لە دوای پێکهێنانی حکومەت، چونکە هێزەکان بڕوایان بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات نییەو نەفەسی تەسفیەکردنی یەکتریان هەیە."

وتیشی "مۆدێلی ئیدارەدانی عێراق بەسەرچوە، بۆیە ئەم فەوزایەی بەرهەمهێناوە، باشترین ڕێگەچارەش بیرکردنەوەیە لە گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی، چونکە دەستور نەیتوانی خواستی هیچکام لە پێکهاتەکان بەدیبهێنێت، لە کاتێکدا هێزە شیعەکان دڕدۆنگن بەرامبەر یەکتری، کورد چۆن دەتوانێت ئایندەی خۆی تەسلیمی ئەم هێزانە بکات، یاخود سونە چۆن متمانەی هەبێت، بۆیە باشترین ڕێگە گەڕانە بەدوای مۆدێلێکی نوێی حوکمڕانی."

شێرکۆ میروەیس پێیوایە مەترسی زۆر جدی لەسەر عێراق هەیە، فیتنەیەکی زۆر گەورە بونی هەیە و ئەجێندای شاراوەی جۆراوجۆر دۆخی عێراقی تێکداوە، وتیشی"دوای نۆ مانگ لە هەڵبژاردن، هەوڵی پێکهێنانی حکومەت دەدرێت، کەچی لە ژێرەوە ئاگرەکە خۆش دەکرێت، هێزە سیاسییەکان لە هەرکات زیاتر دڕدۆنگن بەرامبەر یەکتر و بە گومانن لە یەک، هیچ لایەک زەمانی ئەوە ناکات گەر حکومەت پێکبێت ساڵێک تەمەنی بێت."

جەختیشیکردەوە"دەبێت وڵاتانی دەوروبەر و ئەمەریکا و ئەوروپا بیر لە دەرهێنانی عێراق لەم قەیرانە بکەنەوە، گەر عێراق توشی شەڕی ناوخۆ ببێت، پەل بۆ وڵاتانی دەوروبەریش دەهاوێژێت."

شێرکۆ میروەیس پەرلەمانتاری پێشوی عێراق و سەرکردەی یەکێتی ئەوەشی خستەڕو، سەدر نەکشاوەتەوە، سەدر لەناو پەرلەمان بێت یان لەدەرەوە، سەدر هەر سەدرە، هەرکات بیەوێت بە نوێژێکی بە کۆمەڵ یان خۆپیشاندان گرفت دروست دەکات، بۆیە حساب نەکردن و بیرکردنەوە لە ئیدارەدانی عێراق بێ سەدر هەڵەیە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×