تۆمارێكی دەنگیی نوێی مالكی بڵاوكرایەوە.. باسی سوپای پاسداران و ئیتڵاعات و شەڕ دەكات
  2022-07-19       1077       

پێنجەم تۆمارى دەنگیى مالكى بڵاوكرایەوە، جگە لە قەیس خەزعەلی، هێرشدەكاتەسەر سەركردەكانی تری حەشدی شەعبی و دەڵێت، “گوێ بە دۆخەكە نادەن و سەرقاڵى باخن”، هەروەها داواكارییەكی ئێران لە لایەنە شیعییەكان ئاشكرادەكات.

ئاوێنە: لە پێنجەم تۆمارى دەنگیدا، نوری مالكى سەرۆکى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا باس لەوە دەكات كە پەیوەندیی لەگەڵ قەیس خەزعەلی ئەمیندارى گشتیى عەسائیبی ئەهلل حەق و ئەبو ئالا وەلائی ئەمیندارى گشتیى کەتائیبی سەیدولشوهەدا باشە، بەڵام “برادەرانى بەدر و فەتح بێکارن و گوێ نادەنە ڕەوشەکە و سەرقاڵى باخەكانیانن”.

لە درێژەی قسەكانیدا مالكی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە فەتح، حیزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلل حەق و كەتائیبی سەیدولشوهەدا بڕیاریان بە دەست ئێرانە و دەڵێت، “سوپاى پاسداران ڕێگە بە ئیتڵاعات نادات دەست لە هیچ شتێك وەربدات و تەنها خۆی بڕیاردەدات. لە سەردانەكەمدا بۆ ئێران گفتوگۆم لەگەڵ عەلی ئەكبەر ویلایەتی ڕاوێژكاری ڕابەری باڵا و سەرۆكی ئەنجومەنی شورا و وەزیری ئیتڵاعات-دا كرد، هەمووان لەگەڵمدا هاوڕان، بەڵام لە كۆتایی هەموو گفتوگۆكاندا دەڵێن پرسەکە بە دەست فەرماندەی فەیلەقى قودسی سەر بە سوپاى پاسدارانە و داوادەكەن هەوڵەکانمان لەگەڵ سوپاى پاسداران چڕبكەینەوە”.

بەپێی وتەی مالكی، ئێستا دوو بەرە لە ئێراندا هەن، سوپای پاسداران و ئیتڵاعات و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە لە سەردەمی سەرۆكایەتیی حەسەن ڕوحانی-یەوە، ئیتڵاعات كێشەی لەگەڵ حكومەتی عێراق و سوپای پاسداراندا هەیە، بەڵام دوای دەستبەكاربوونی ئیبراهیم ڕەئیسی بۆچوونەكان لە یەكتر نزیكبوونەتەوە.

كەسێك لە تۆمارە دەنگییەكەدا قسەدەكات و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە بۆیە هانایان بۆ مالكی هێناوە، چونكە ئەو كەسی گونجاوە بۆ بەهاناوەچوونی شیعە و بەرگریكردن لێیان و جەختدەكاتەوە كە قۆناغەكە پێویستی بە شەڕ و ڕشتنی خوێنە بۆ ئەوەی ڕاستببێتەوە.

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×