ئەنجومەنی باڵای دادوەری: لێكۆڵینەوە لە تۆمارە دەنگییەكانی مالیكی دەستی پێكردوە
  2022-07-19       408       

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، لێكۆڵینەوە لەبارەی ئەو تۆمارە دەنگییە دزەپێكراوانەی كە دەدرێنە پاڵ نوری مالیكی دەستی پێكردوە.

ئاوێنە: ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئەمڕۆ(سێشەممە)، لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، دادگای لێكۆڵینەوەی كەرخ لە بەغدا، داواكارییەكی وەرگرتوە كە پێشكەشی داواكاریی گشتی كراوە بۆ وەرگرتنی رێكاریی یاسایی لەبارەی ئەو تۆمارە دەنگییە دزەپێكراوانەی كە دەدرێنە پاڵ نوری مالیكی.

ئەوەشی خستۆتەڕو، لە ئێستادا دەستكراوە بە لێكۆڵینەوە لەو بابەتە بەپێی یاسا.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە چه‌ند رۆژێكه‌ چه‌ند تۆمارێكی ده‌نگی به‌ ناوی نوری مالیكی، بڵاوكراونەتەوە كە تێیدایاندا هێرشدەكرێتە سەر بەشێك لە سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانی عێراق، به‌ تایبه‌تی موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در.

هاوكات دوێنێش موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در لەسەر ئەو تۆمارە دەنگیانە هاتە دەنگ و وتی، پێی سەیرە لەلایەن حزبی دەعوە كە لەسەر ئال سەدر حساب دەكرێت و لەلایەن گەورەی ئەو حزبەوە كە نوری مالیكییە هەڕەشە دەكرێت.

سەدر داوای له‌ مالیكی كرد دەست لە كاری سیاسی هەڵبگرێت و خۆی رادەستی دادگا بكات.

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×