چوارچێوەی هەماهەنگی: مالیكی و عامری خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید ناكەن
  2022-07-19       543       

چوارچێوەی هەماهەنگی، كەمێك لەمەوبەر، ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی خۆی ئاشكراكردو رایگەیاند، نوری مالیكی و هادی عامری جەختیان كردۆتەوە كە هیچیان خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، كاندید ناكەن.

ئاوێنە: چوارچێوەی هەماهەنگی، لە راگەیەندراوێكدا ناوەڕۆكی كۆبونەوەی ئەمڕۆی سەركردەكانی چوارچێوەكەی خستۆتەڕو و رایگەیاند، هادی عامری و نوری مالیكی جەختیان كردەوە كە خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندیدناكەن و نەرمییەكی زۆریان نواند لەوەی كە پێویستە پەلەبكرێ لە یەكلاكردنەوەی ناوی كاندیدێك بۆ سەرۆك وەزیران كە گونجاو بێت بۆ قۆناغی ئێستا.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، سەركردەكانی چوارچێوە بە كۆی دەنگ جەختیان لەوە كردۆتەوە كە ئەو كاندیدەی دیاری دەكرێت، لەسەر یەك لایەنی نێو چوارچێوە حساب ناكرێت بەڵكو كاندیدی سەرجەم هێزەكانی نێو چوارچێوە دەبێت.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، سەركردەكانی چوارچێوە رێككەتون لەسەرئەوەی كە بڕیارە چارەنوسسازو ستراتیجییەكان بەشێوەی سەركردایەتی دەستەجەمعی بدەن و ئیدارەدانی حكومەت جێ بهێڵرێت بۆ سەرۆك وەزیران و تیمە وەزارییەكەی.

هەروەك ئاماژەی بەوەشداوە كە چەند بنەمایەكی دیاریكراو لەروی كارامەیی و دەستپاكییەوە بۆ دیاریكردنی سەرۆك وەزیران دەبن و ئەوەش بەسەر سەرجەم پێكهاتەكانی كوردو سوننەدا جێبەجێ دەكرێن كە بەشداری دەكەن لە حكومەت.

هەروەك سەركردەكانی چوارچێوە رێككەوتون لەسەر ئەوەی كاندیدكردنی چەند وەزیرێك لەلایەن سەدرییەكانەوە بەشداریی حكومەت بكەن بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن بەر لە كشانەوەی سەدرییەكان.

 لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتوە، كە سەركردەكانی چوارچێوە سوكایەتیكردنیان بە مەرجەعیەتی ئایینی، حەشدی شەعبی و موقتەدا سەدر رەتكردۆتەوەو جەختیان لە پشت بەستن بە یاساو دادگاكان كردۆتەوە.

هەروەك جەختیشیان كردۆتەوە كە پاڵنەری پشت تۆمارە "دزەپێكراوەكان" بۆ "نانەوەی ئاژەوەو دروستكردنی پشێوییە."

هەروەك لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا هاتوە، سەركردەكانی چوارچێوە لەكۆبونەوەكەدا جەختیان كردۆتەوە لەوەی كە حكومەتەكەی مستەفا كازمی دەسەڵاتی ئیمزاكردنی هیچ رێككەوتنێكی نێودەوڵەتی نییەو هەر رێككەوتنێكیش بكات لەلایەن حكومەتی نوێوە كە "لەماوەیەكی نزیكی داهاتودا پێكدەهێنرێت"، دانی پێدانانرێت.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×