كاردانەوەی بەرپرسانی باڵای عێراق دژی تۆپبارانەكەی توركیا لە سنوری زاخۆ
  2022-07-20       580       

بەرپرسانی باڵای عێراق كاردانەوەیان بەرامبەر هێرشەكەی ئەمڕۆی توركیا لە سنوری زاخۆ نیشاندا كە تێیدا هەشت هاوڵاتی كوژران و 26ی دیكەش برینداربون. سەرۆك كۆماری عێراق دەڵێت: چیتر هێرشەكانی توركیا مایەی قبوڵكردن نین.

ئاوێنە: بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق، لە تویتێكدا رایگەیاند"بەتوندی سەرکۆنەی پێشێلکردنی سەروەری عێراق و شەهیدکردن و بریندارکردنی هاوڵاتیانی سڤیل دەکەم لە سنوری دهۆک لەلایەن تورکیا."

ئەوەشی خستۆتەڕو"دوبارەبونەوەی هێرشەکان پەرەسەندێكی مەترسیدارەو هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و چیتر مایەی قبوڵکردن نین و پێویستە تورکیا رێز لەسەروەری و دراوسێیەتی عێراق بگرێت و لەژێر هیچ پاساوێک هێرشی لەو جۆرە دوبارە نەکاتەوە، کە پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتییەکانە."

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانیش رایگەیاند، عێراق مافی تەواوەتی خۆی بەكاردەهێنێت بۆ وەڵامدانەوەی دەستدرێژییەكانی توركیاو هەمو رێكارێك دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی خەڵكەكەی.

سەرۆك وەزیرانی عێراق وتوشیەتی"هێزەكانی توركیا جارێكی دیكە پێشێلێكی ئاشكراو رونی سەروەری عێراق و ژیان و ئاسایشی هاوڵاتیانی عێراقیان كرد بە هێرشكردنە سەر یەكێك لە ناوچە گەشتیارییەكانی لە پارێزگای دهۆك."

هەروەها محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، نابێ عێراق بكرێتە گۆڕەپانێكی كراوە بۆ تەسفیەی حساباتی ناوچەكەو ناكۆكییە دەرەكییەكان و هاوڵاتیانی عێراقیش باجی ئەوە بدەن.

سەرۆكی پەرلەمان ئاماژەی بەوەشداوە كە داوا لە حكومەتی عێراق دەكەین رێكاری پێوست بگرێتەبەر بۆ لێكۆڵینەوەو پاراستنی وڵات و گەلی عێراق.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×