هەشت بڕیار لە حكومەتی عێراقەوە لە وەڵامی هێرشەكەی توركیادا
  2022-07-20       1416       

ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە كۆبونەوەی خۆیدا هەشت بڕیاری لە وەڵامی هێرشەكەی توركیا لە سنوری زاخۆ دەركرد لە یەكێكیاندا داوا لە توركیا دەكات بەفەڕمی داوای لێبوردن بكات لەبارەی هێرشەكەوە.

ئاوێنە: ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق كۆبوەوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە كۆبونەوەكەدا بەوپەڕی توندی ئیدانەی هێرشەكەی توركیا لە سنوری زاخۆ كراوە كە تێیدا ژمارەیەك هاوڵاتی بێتاوان شەهیدو برینداربون.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا هەشت بڕیاردراون كە ئەمە ناوەڕۆكەكەیانە:

-پێشكەشكردنی سكاڵایەكی بەپەلە لەلایەن عێراقەوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتوەكان لەبارەی هێرشەكانی توركیاوە.

-بانگهێشتكردنی باڵیۆزی توركیا لەعێراق لەلایەن وەزارەتی دەرەوو پێڕاگەیاندنی ئیدانەكردنی هێرشەكە.

-بانگكردنەوەی هەڵسوڕێنەری كاروبارەكانی عێراق لە ئەنقەرە بۆ راوێژو راگرتنی رێكارەكانی ناردنی باڵیۆزی نوێی عێراق بۆ توركیا.

-راسپاردنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان بۆ پێشكەشكردنی راپۆرتێك لەسەر دۆخی سنوری عێراق و توركیاو گرتنەبەری هەمو هەنگاوێكی پێویست بۆ بەرگریكردن. 

-چاودێریكردنی دۆخی بریندارەكانی هێرشەكەو خانەوادەی شەهیدەكان و قەرەبوكردنەوەیان.

-هەماهەنگیكردن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی گرتنەبەری رێكاری یەكلاكەرەوە بۆ ریگری لە پێشێلكارییەكان.

-توركیا داوای لێبوردنی فەرمی پێشكەش بكات و سەرجەم هێزەكانی لەنێو خاكی عێراق بكشێنێتەوە.

-عێراق رەتیدەكاتەوە خاكەكەی ببێتە شوێنێك بۆ دەستدرێژیكردنە سەر هەر وڵاتێكی تر و ببێتە گۆڕەپانێك بۆ تەسفیەی حسابات و هەروەها بونی هەر رێخراوێكی تیرۆریستی و گروپێكی چەكداریش لەنێو خاكەكەی رەتدەكاتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×