عێراق یاداشتنامەیەكی ناڕەزایەتی توند دەداتە باڵیۆزی توركیا
  2022-07-21       660       

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ(پێنجشەممە)، لەسەر بۆردومانەكەی دوێنێی سنوری زاخۆ، بانگهێشتی باڵیۆزی توركیای لە بەغدا كردو یاداشتێكی ناڕەزایەتی توندی دایەو داواشی كرد توركیا سەرجەم هێزەكانی لەنێو خاكی عێراق بكشێنێتەوە.

ئاوێنە: وەزارەتەكە، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، لەسەر بۆردومانەكەی دوێنێی یەكێك لە هاوینەهەوارە گەشتیارییەكانی زاخۆ، باڵیۆزی توركیا لە بەغدا بانگهێشتكراوە بۆ وەزارەتەكەیان و یاداشتێكی ناڕەزایەتی توندی دراوەتێ و تێیدا ئیدانەی ئەو تاوانەی هێزەكانی توركیا كراوە كە لوتكەی دەستدرێژییە بەردەوامەكانی توركیایە بۆ سەر سەروەری عێراق و خاكەكەی و ناكرێت بێدەنگی لێبكرێت.

راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دوپاتیكردۆتەوە كە بەغدا هەمو مافێكی خۆی بۆ گرتنەبەری رێكارەكان بەكاردەهێنێت بۆ پاراستنی سەروەری وڵات و سەلامەتی هاوڵاتیانی لەو دەستدرێژییانە.

هەروەها بەپێی راگەیەندراوەكە، عێراق داوای كردوە سەرجەم هێزەكانی توركیا لەنێو خاكی عێراق بكشێنرێنەوەو داواشی لە توركیا كردوە كێشەكانی لەناوخۆی وڵاتەكەی چارەسەر بكات بەدور لە سنورەكانی عێراق و ئازار گەیاندن بە گەلی عێراق.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، داوا لە توركیا كراوە بەشێوەیەكی رەسمی داوای لێبوردن بكات سەبارەت بە تاوانەكەی دوێنێ و قەرەبوی خانەوادەی شەهیدەكان و بریندارانی هێرشەكەش بكاتەوە.

وەزارەتەكە جەختی كردۆتەوە كە بەردەوام دەبێت لە چڕكردنەوەی هەمو هەوڵەكانی و بەكارهێنانی سەرچاوەی هێزەكانی بۆ روبەڕوبونەوەی ئەم وەرچەرخانە مەترسیدارەی دەستدرێژییەكانی توركیادا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×