وەزارەتی دەرەوەی عێراق: ئەگەری هەیە پەنابەرینە بەر بەكارهێنانی كارتی ئابوری دژی توركیا
  2022-07-21       578       

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، نكۆڵكیردنی توركیا لە هەڵگرتنی  بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی هێرشەكەی دوێنێی زاخۆ، بە "نوكتەیەكی رەش" ناودەبات كە "دیپلۆماسیەتی عێراقی قبوڵی ناكات"، راشیدەگەیەنێت كە لەهەوڵدان بۆ داواكردنی ئەنجامدانی دانیشتنێكی تایبەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ تاوتوێكردنی تاوانەكەی دوێنێ و دەركردنی بڕیارێك بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراق و دەشڵێت، ئەگەری هەیە عێراق پەنابەرێتە بەر بەكارهێنانی كارتی ئابوری دژی توركیا.

ئاوێنە: ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ(پێنجشەممە)، بە ئاژانسی رەسمی عێراقی راگەیاند، وەزارەتەكەیان لەئێستادا توندترین رێوشوێنی لواوی دیپلۆسی گرتۆتەبەر لەبەرامبەر هێرشەكەی دوێنێ توركیا.

ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەمڕۆ نوێنەرایەتی هەمیشەیی عێراق لە نیویۆرك كراوەتەوەو دەكریت داواكارییەك پێشكەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بكرێت بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێكی بەپەلە بۆ تاوتوێكردنی دەستدرێژییەكەی توركیاو دەركردنی بڕیارێك كە سەلامەتی و ئاسایشی عێراق مسۆگەربكات.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق هێرشەكەی دوێنێی توركیای بە "مەترسیدارترین" هێرشەكانی ئەو وڵاتە لە عێراق ناوبردوەو رەتیكردۆتەوە هیچ رێككەوتنێك هەبێت بۆ رێگەدان بە سوپای توركیا بۆ هاتنە ناو عێراق و وتویەتی"تەنها كۆنوسی كۆبونەوەیەك هەیە كە ئەنقەرە لەگەڵ رژێمی پێوشی عێراق واژوی كردوە، لەگەڵ ئەوەش ئەو كۆنوسە توركیا پابەنددەكات بەوەی كە داوای مۆڵەتی حكومەتی عێراق بكات و هاتنەناوەوەشی لە پێنج كیلۆمەتر زیاتر نەبێت كە توركەكان پابەندنەبون بەو كۆنوسەشەوە."

لەبارەی ئەوەی توركیا رەتیكردۆتەوە كە هێرشەكەی دوێنێ لەلایەن ئەوانەوە ئەنجام درابێت، ئەحمەد سەحاف وتویەتی"لێكۆڵینەوە دەوڵەتی عێراق پشتڕاستی دەكاتەوە كە ئەنقەرە لە پشت هێرشەكەوەیەو ئەوەش یەكەم ھێرشی نییە...نكۆڵیكردنی توركیاو هەڵ نەگرتنی بەرپرسیارێتی هێرشەكە، نوكتەیەكی رەشە كە دیپلۆماسیەتی عێراقی قبوڵی ناكات."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختیشی كردۆتەوە كە هەمو ئاماژەكان پشتڕاستی دەكەنەوە كە توركیا هێرشەكەی دوێنێی ئەنجامداوە.

لەبارەی كارتەكانی گوشاری عێراق بۆ وەڵامدانەوەی توركیا، ئەحمەد سەحاف ئاماژەی بەوەداوە كە سەرۆك وەزیرانی عێراق باسی لەوە كردوە بەغدا چەند بژاردەیەكی لەبەردەستدا بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروەری وڵات لەوانەش رەنگە پەنابردن بێت بۆ بەكارهێنانی كارتی ئابوری.

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×