كازمی: لەبارەی بۆردومانەكەی توركیا سكاڵا پێشكەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەكەین
  2022-07-22       473       

مستەفا کازمی لەگەڵ دوو سەرۆکایەتییەکەى دیکەى عێراق و سەرکردەى لایەنە سیاسییەکان و نوێنەرانیان کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنى تۆپبارانەکەى سنووری زاخۆ لەلایەن توركیاوەو رایگەیاند، لەبارەی دەستدرێژییەكانی توركیاوە، سكاڵا پێشكەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەكەین.

ئاوێنە: نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، كۆبونەوەكە لەسەر بانگهێشتی مستەفا كازمی لە كۆشكی سەرۆكایەتی حكومەت لە بەغدا بۆ تاوتوێكردنی هێرشەكەی توركیا بۆ سەر سنوری زاخۆ، بەڕێوەچوە.

 بەپێی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا مستەفا كازمی وردەكاری هەڵوێستی سیاسی و مەیدانی و پەرەسەندنەكان و هەروەها وردەكاری هێرشەكەی توركیاشی خستۆتەڕو لەگەڵ ئەو رێكارانەی كە لە ئاستە جیاجیاكاندا گیراونتەبەر بۆ بەرگریكردن لە سەروەری عیراق، وێڕای ئەو سكاڵایەی كە عێراق پێشكەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نێوەدەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتوەكانی دەكات.

 لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، بەشدارانی كۆبونەوەكە جەختیان لە یەكگرتویی هەڵوێستی نیشتمانیی عێراق كردۆتەوە بۆ بەرگریكردن لە سەروەری عێراق و گیانی عێراقییەكان و ئیدانەكردنی دەستدرێژییەكانی توركیا، وێڕای پشتیوانیكردن لە رێكارەكان بە ئامانجی سكاڵای نێودەوڵەتی.

 هەروەك بەپێی راگەیەندراوەكە، بەشدارانی كۆبونەوەكە جەختیان لەوە كردۆتەوە كە عێراق رێز لە بنەمای دراسێیەتی باش دەگرێت و رێگەنادات لە خاكەكەیەوە هێرشبكرێتە سەر وڵاتانی دراوسێ و رەتكردنەوەی ئەوەش كە عێراق ببێتە گۆرەپانی یەكلاكردنەوەی ململانێكان لەنێوان "چەكدارانی ناشەرعی و سوپای توركیا" یان خود قەیرانە نێوخۆییەكانی وڵاتان بۆ عێراق هەناردەبكرێن.

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، بەشدارانی كۆبونەوەكە داوایان لە حكومەت كردوە سەرجەم رێكارو هەنگاوە پێویستەكان بگرێتەبەر بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروەری عێراق و رێگریكردن لە دوبارەبونەوەی دەستدرێژییەكان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×