سبەینێ پەرلەمانی عێراق بڕیارێک لە دژی توركیا دەدات
  2022-07-22       466       

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، سبەینێ كۆبوونەوەی پەرلەمانە و چاوەڕواندەكرێت بڕیار لەسەر ڕاگرتنی مامەڵە بازرگانی و ئابورییەكان لەگەڵ توركیا بدرێت.

مەلا كەریم شكور، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  ڕاگەیاند، كۆبوونەوەكەی سبەینێی پەرلەمان كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ ئەنجامدەدرێت و ئەنجومەنی نوێنەران ناتوانێت بڕیار لەسەر دەركردنی هێزە سەربازیییەكانی توركیا لە خاكی عێراق بدات، چونكە پێشتر ڕێككەوتن لە نێوان عێراق و توركیا لەو بارەیەوە هەبووە.

ئاشكرایكرد، توركیا لە ڕابردوودا كە ڕەزامەند بووە ویلایەتی موسڵ بخرێتەوە سەر عێراق یەكێك لە مەرجەكانی ئەوە بووە كە هەر كات مەترسی لەسەر خاكی وڵاتەكەی هەبووە چەند كیلۆمەترێك بێتە نێو خاكی عێراقەوە، بۆیە ئەگەر باس لە دەركردنی هێزەكانی توركیا لە عێراق بكرێت دەبێت سەرەتا ڕێككەوتنەكانی پێشتری نێوان عێراق و توركیا هەمواربكرێنەوە و لە ئێستادا توركیا نزیكەی 37 بنكەی سەربازی لە خاكی هەرێمی كوردستاندا هەن.

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ئاماژەی بەوەشكرد، چاوەڕواندەكرێت سبەینێ لە پەرلەمانەوە بڕیار لەسەر ڕاگرتنی مامەڵە بازرگانی و ئابورییەكانی عێراق لەگەڵ توركیا بدرێن و هەموو جۆرە مامەڵەیەكی لەگەڵ ئەو وڵاتە ڕابگرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×