ساڵح محەمەد عێراقی کە بە وەزیری موقتەدا سەدر ناسراوە، پەیامێکی لەبارەی تۆمارە دەنگییە دزەپێکراوەکەی مالیکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "کەسێک کە بەردەوام هێرش دەکاتەسەر کورد و سوننە و داوای کوشتار و هەڵگیرسانی شەڕ دەکات، شایەنی حکومڕانی نییە."
ئاوێنه: وەزیرەکەی سەدر لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند، "هەندێک کەس بە مەبەست گومان دەخەنەسەر ئەو تۆمارە دەنگییە دزەپێکراوانەی ئەم دواییە کە پشتڕاستکراوەتەوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە تۆمارە دەنگییەکەدا ئەمانە هەن، سوکایەتیکردن بە گەلی عێراق و بە هێزە ئەمنییەکان هەیە، دروستکردنی فیتنە و تۆمەتبارکردنی سەرکردە نیشتمانییەکانی بەبێ بەڵگە، کڕینی چەک و هاندان بۆ کوشتن، یاریکردن بە هەست و سۆزی خەڵک، خۆبەزلزانین و لوتبەرزی، قۆرخکردنی دەسەڵات، هەستی تائیفی و هەوڵدان بۆ تێکدانی سەقامگیریی ئاسایشی نەجەف، پشتگیریکردنی میلیشیا نەناسراوەکان و فەرمانەکانی کوشتنی عێراقییەکان لە ژێر ناوی یاسا لە بەسرە و کەربەلای پیرۆز."
وەزیرەکەی سەدر دەڵێت، "کوا یاسا، کوا دەسەڵاتی دادوەری؟، ئایا کەسێک کە میلیشیاکان کۆبکاتەوە بۆ هێرشکردنەسەر نەجەف، شایستەی ئەوەیە ڕابەرایەتی شیعەکان بکات و سەرکردایەتیکردنی نیشتیمانی بدرێتە دەست."
جەختیشیکردووەتەوە، "ئایا ئەمە شایستەی حوكمڕانییە؟ کە بەردەوام کورد و سوننە و سەرکردەکانیان تۆمەتبار دەکات."
هاوکات لەبارەی هەڵوێستەکان دژی مالیکی ئەوەی خستووەتەڕوو، "یان دادپەروەری و جێبەجێکردنی یاسا، یان لایەنگری و پەردەپۆشکردن."