پەڕلەمانتارێکی هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆکایەتیی هادی عامریی ئاشکرایکرد، لەدانیشتنی نائاسایی پهرلهمانى عێراق کە ڕۆژی شەممە سەبارەت بەدەستدڕێژییەکانی تورکیا بۆسەر خاکی عێراق بەڕێوەچوو، وەزارەتی دەرەوە داوایکردووە، تاوەکو دەرکەوتنی ئەنجامەکانی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی سەبارەت بەسکاڵاکەی عێراق دژ بەتورکیا، هیچ بڕیارێک دژ بەئەنکەرە دەرنەکرێت.
ئاوێنە: محەمەد بەلداوی پەڕلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "لەدانیشتنی ڕابردووی پهرلهماندا لیژنەیەک لەوەزارەتی دەرەوەو لیژنەی ئاسایشو بەرگریی پەڕلەمانو فەرماندە ئەمنییەکان پێکهێنرا بۆئەوەی وێنەیەکی ڕاستەقینەی دۆخەکە بخرێتە بەردەم پەڕلەمان تاوەکو بڕیارێکی پەڕلەمانیی-حکومیی هاوبەش لەدژی تورکیا بدرێتو لەدانیشتنی داهاتووی پەڕلەماندا دەنگی لەسەر بدرێت".
هەروەک وتی:"لەدانیشتنی ڕابردوودا کۆمەڵێک بیرۆکە لەناو ئەندامانی پەڕلەمانو لیژنەی ئاسایشو بەرگرییو وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی وەک وەزارەتی دەرەوەو بەرگریی گەڵاڵەکران، کە ئامانج لێیان گەیشتن بەفۆڕمۆلەیەک بوو بۆ کۆتاییهێنانی بوونی سەربازیی تورکیا لەخاكی عێراقدا".
باسی لەوەشکرد، "پەڕلەمان لەسەر ڕاسپاردەی وەزارەتی دەرەوە چاوەڕێی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی دەکات سەبارەت بەو سکاڵایەی عێراق لەسەر دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆسەر خاکی عێراق تۆماریکردووە، بەشێوەیەک ئەگەربێتو بڕیارەکە لەئاست چاوەڕوانییەکانی عێراقدا نەبوو، ئەوە هەنگاوی تر دژ بەتورکیا دەگیرێتەبەر".
جەختیشیکردهوه، لەهەموو حاڵەتێکدا لەکۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەماندا دەنگ لەسەر بڕیاری هاوبەشی حکومەتو پەڕلەمان دەدرێت کە لەلایەن لیژنە هاوبەشەکەوە دژ بەتورکیا ئامادەدەکرێت.