وەزارەتی خوێندنی باڵا: ھەمو ھەوڵێکمان بۆ ئەوەیە زۆرترین قوتابی وەربگرین
  2022-07-30       446       

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئامادەکاریی دەکات بۆ وەرگرتنی قوتابیان لەزانکۆو پەیمانگاکان، بریکاری وەزارەتەکەش دەڵێت، ھەموو ھەوڵێکیان بۆ ئەوەیە زۆرترین قوتابی وەربگرن.

ئاوێنه‌: د. عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا، بەماڵپەڕی پارتی ڕاگەیاندووه‌، ''ساڵانە لەزانکۆو پەیمانگاکان کۆمەڵێک پێوەر بۆ وەرگرتنی قوتابیان ھەیە، لە چوارچێوەی کار و کوالێتیی خوێندن، ساڵانە دیراسەی وەرگرتنی قوتابیان دەکرێت، ھەر کۆلیژێک بەپێی توانای خۆی کورسی بۆ قوتابیان دابین دەکات، ساڵانە بۆ دابینکردنی زیاترین کورسیی خوێندن ھەوڵ دراوە بەپێی پلان ژمارەی کورسییەکان زیاد بکرێن، بەداخەوە ئەوەیش کاریگەریی لەسەر کوالێتیی خوێندن دەبێت، لەبەر ئەوەی کۆلیژێک کە توانای ١٠٠ قوتابی ھەیە، ١٢٠ قوتابیی تێدا جێ بکرێتەوە، کاریگەریی لەسەر کوالێتی خوێندن ھەیە، بەڵام ھەموو توانایەکمان بۆ ئەوەیە زۆرترین قوتابی وەربگیرێت و قوتابی نەمێنێتەوە.''

وتیشی‌، ''ئێمە ئێستا لە قۆناغی گۆڕانکاریداین و ھەندێک بەش ھەیە ئێستا بازاڕی کاری نییە، باشترە ئەو بەشانە بگۆڕین بەو بەشانەی قوتابی فێری پیشەیەک دەبێت، تا دوای دەرچوون لە بازاڕی کار قوتابی سوودمەند بێت.''

د. عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق راشیگه‌یاندووه‌، ''دیار نییە ئەمساڵ ژمارەی ئەو قوتابیانەی وەردەگیرێن چەندەیە، چونکە وەرگرتنی قوتابی پەیوەستە بە ژمارەی دەرچوانی ١٢ی ئامادەیی و توانای لەخۆگرتنی قوتابی لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا.''

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×