ئەیمەن زەواهیری کەسی یەکەمی رێکخراوی ئەلقاعیدە کوژرا
  2022-08-02       749       

ئەمریکا رایگەیاند، "ئەیمەن زەواهیری" کەسی یەکەمی رێکخراوی ئەلقاعیدە لە هێرشێکی ئاسمانیدا و بە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان لە شوێنی مانەوەی خۆی لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان هەفتەی رابردوو کوژراوە.

هەریەک لە ئاژانسە جیهانییەکانی سی ئێن ئێن و ئەسۆشیەیتد پرێس و رۆیتەرز لە زاری چەند سه‌رچاوه‌یه‌کی باڵای ئەمریکییەوە بڵاویانکردەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی سەرکەوتوودا ئامانجێکی گرنگی ئەلقاعیدە لە ئەفغانستان پێکراوە.

لە راگەیەندراوێکدا کە بۆ بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی بەرزکراوەتەوە هاتووە: "ئەمریکا، لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا ئۆپەراسیۆنێکی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری لە دژی ئامانجێکی گرنگی ئەلقاعیدە لە ئەفغانستان ئەنجامداوە، ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتوو بووە و زیانی گیانی مەدەنی لێنەکەوتووەتەوە".

هاوکات، میدیاکانی ئەمریکا بە پشتبەستن بەو سه‌رچاوانه‌ کە زانیارییان لەسەر ئۆپەراسیۆنەکە هەیە ئاماژەیان بەوەداوە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا سەرکردەی ئەلقاعیدە "ئەیمەن زەواهیری" لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانەوە کوژراوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن کاتژمێر 19:30 بە کاتی ناوخۆیی واشنتۆن لە بالکۆنی کۆشکی سپییەوە روونکردنەوەیەک پێشکەش دەکات.

بەگوێرەی چەند ئاژانسێکی هەوڵی جیهانی، "ئەیمەن زەواهیری" جێگرەوەی بن لادن و ئەمیری رێکخراوی ئەلقاعیدە لە ئەفغانستان، لە رێگای فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکیەوە کراوەتە ئامانج و کوژراوە.

هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسەکانی هەواڵی ئەمریکا، هێرشەکە لە رێگەی ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا، لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا ئەنجامدراوە.

ئەیمەن زەواهیری:

ئەیمەن محەمەد رەبیع زەواھیری، لە 19ی حوزەیرانی 1951 لە وڵاتی میسر لە دایک بووە.

لە ساڵی 2011ەوە بووەتە جێگرەوەی "ئوسامە بن لادن" بووە بە سەرۆک و کەسی یەکەمی رێکخراوی "ئەلقاعیدە".

ئەیمەن زەواهیری لە لیستی داواکراوترین ئەو کەسانەیە کە وەزارەتی دادی ئەمریکا داوای کردون کە تۆمەتباربووە بە کوشتنی هاوڵاتییانی ئەمریکی لە دەرەوەی خاکی ئەمریکا، هاوکات بە پلاندانەری هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەری دژ بە ئەمریکا و کوشتنی هاوڵاتییانی ئەمریکی، هێرشکردنە سەر دامەزراوە فیدراڵییەکانی ئەمریکا تۆمەتبار کراوە.

لە دیارترین ئەو کەسانەی کاندیدن بۆ جێگرتنەوەی "ئەیمەن زەواهیری" کەسی یەکەمی ئەلقاعیدە، "سەیف ئەلعەدل محەمەد سەڵاح زیدان"ە دوای ئەویش "ئەبو عەبدورەحمان مەغریبی"یە. چاودێران ئاماژەیان بەوەداوە لە ئێستادا رێکخراوەکە لەلایەن ئەنجومەنێکەوە بەڕێوەدەبرێت کە بە "ئەنجومەنی تحین" ناسراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×