تایوان: چین لە مانۆرەکەیدا مووشەکی بالیستیی تەقاندووە
  2022-08-04       587       

وەزارەتی بەرگریی تایوان ئاشکرایکرد، چین لە مانۆڕە سەربازییە ئاسمانی و ئاوییەکانی ئەمڕۆیدا مووشەکی بالیستیی هەڵداوە، ئاماژەی بەوەکردووە ئەو هەڵسوکەوتێکی نابەرپرسیارانەیە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.

ئاوێنە: لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی بەرگریی تایوان بڵاویکردەوە، “چین لەمیانی مانۆرەکەی ئەمڕۆیدا ژمارەیەک مووشەکی جۆری دۆنگفینگ-ی تەقاندووە، لە ئاوەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی تایوان و باکووری ڕۆژئاوا”.

ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە دوای سەردانەکەی پیلۆسی تادێت زیاتر دەبێت، چین ئەمڕۆ گەورەترین مانۆڕی سەربازیی لە سنوورەکانی تایوان دەستپێکرد.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، لە دورگەی بینگتانی چینی نزیک لە مانۆرەکە، چین ژامرەیەک مووسەکی بچووکی تەقاندووە، ئاژانسەکە باسی لە جۆری مووشەکەکان و ئاراستەکانیان نەکردووە.

هەر ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی چین لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئاسیا لە کەمبۆدیا ڕایگەیاند، “سەردانەکەی پیلۆسی بۆ تایوان کارێکی شێتانە، نابەرپرسیارانە و ناعەقڵانی بووە”.

وتیشی، “چین هەموو هەوڵێک دەدات بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە، بەڵام چاوپۆشی لە مەترسییەکانی سەر بەرژەوەندییە باڵاکانی ناکات”.

باسی لەوەشکردووە، “ڕێکارەکانی ئێستا و داهاتووی چین ڕێکاری بەرگری لەخۆکردن و پێویستن”.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×