وەزارەتی كارەبا: هاوبەشانی كارەبا زیاتر لە ترلیۆنێک دینار قەرزدارن
  2022-08-08       460       

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ملیۆنێک و 770 هەزار هاوبەشی کارەبا هەن و زیاتر لە ترلیۆنێک دینار قەرزداری وەزارەتی کارەبان.

 ئاوێنە: ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حكومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دوشەممە، رایگەیاند، هاوبەشانی کارەبا زیاتر لە ترلیۆنێک دینار قەرزداری وەزارەتن. ئەو بڕە پارەیەش زۆرە و گرفت بۆ کارکردنی وەزارەت دروست دەکات.

 وتیشی، "ئێمە بەگوێرەی یاسا دەتوانین کارەبای هەر هاوبەشێک ببڕین کە قەرزەکەی ناداتەوە، بەڵام دۆخی دارایی هەمو هاوبەشانمان لەبەرچاوگرتوو؛ بۆیە تاوەکو ئێستا ئەو یاساییە جێبەجێ نەکراوە."

 وتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەش کرد، "بە دو رێگە هاوکاری هاوبەشانمان کردوە بۆ ئەوەی قەرزەکانیان بدەنەوە. یەکەم بەلێخۆشبون لە بەشێک لە قەرزەکەیان. دوەم، بە گەڕانەوەی قەرزەکەیان بەشێوەی قیستیی مانگانە."

 بە وتەی ئومێد ئەحمەد "ئەگەر هەر هاوبەشێک یەکجار، دوجار، سێ جار ئاگادار بکرێتەوە لەوەی قەرزەکەی بگەڕێنێتەوە و هیچ وەڵامی نەبێت، ئەو کاتە ناچارین ئەو یاساییە جێبەجێبکەین و کارەباکەی ببڕین، بەڵام هەمو هەوڵێک دەدەین نەگەینە ئەو قۆناغە."

 باسی لەوەش کرد "جێبەجێکردنی خزمەتگوزارییەکانی ئێمە لەسەر بودجە وەستاوە. سەرەڕای قەیرانەکان، خزمەتگوزارییەکانمان جێبەجێکردون؛ هیوادارین نەگاتە ئاستێک بەهۆی قەرزێکی زۆری هاوبەشان نەتوانین خزمەتگوزارییەکان جێبەجێبکەین، چونکە داهاتی مانگانەمان بەراورد بە خەرجییەکانمان کەمترە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×