كۆمەڵێك بیرمەندی ئایینی ئێرانی ئیدانەی هێرشكردنە سەر سەلمان روشدی دەكەن
  2022-08-14       853       

13 بیرمەندی ئایینی ئێرانی نوێگەر دەڵێن، "هێرشی تیرۆریستی و دڕندانەی كەسێك بەناوی هادی مەتەر بۆ سەر گیانی نوسەری ناوداری بەریتانی بەڕەچەڵەك هیندی، سەلمان روشدی، لەڕوانگەی ئایینی و ئەخلاقییەوە بەتەواوەتی و بێ هیچ مەرجێك، ئیدانەكراوە."

 

 ئاوێنە: ئەو بیرمەندە ئایینیانە، لە راگەیەندراوێكدا دەشڵێن"ئەم كردەوەیە نیشانەی بونی قەیرانە لەو لێكدانەوە توندەڕەوانەیەی كە بۆ ئیسلام دەكرێت و هەروەها نیشانەی خولێكی نوێیە لە وەرچەرخانە مەترسیدارە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و برینیكی نوێشە لەسەر روخساری پەیوەندییە ئاڵۆزەكەی ئیسلام و رۆژئاوا."

دەشڵێن"ئەم خوێندنەوە خراپ و قێزەونە بۆ ئیسلام كە خزمەت بە ستەمكارانی ئایینی دەكات، چەند دەیەیەكە ژیانی موسڵمانان و غەیرە موسڵمانانی لە سەراسەری جیهاندا، لە ژاپۆنەوە بگرە بۆ ئەفغانستان و ئیران تا دەگاتە ئەوروپاو ئەمریكا، خستۆتەڕو بەر مەترسی جددی."

ئەوان جەخت دەكەنەوە كە "ئەم لێكدانەوە پەڕگیرو رقاوییە بۆ ئیسلام، ناكۆكییەكی جەوهەری هەیە لەگەڵ تێڕوانینی نەریتیانەی زۆرینەی زۆری موسوڵمانان لەبارەی ئایینەكەیانەوە. ئەو ئیسلامە توندوتیژو پاكتاوكەرە كە بۆتە ئامڕازی ئەو سەرەڕۆیانەی دامەزراوەكانی حكومەتیان لەبەردەستدایە، دژی لێكدانەوەكانی موسڵمانانی نەریتی و بیرمەندانی ئایینی نوێگەرە."

دەشڵێن "زۆرینەی رەهای شارەزایانی زانستە ئیسلامییەكان ساڵانێكە بەبێ دەستوپەنجە نەرمكردن و بێ هیچ چەندوچونێك ئەو وێناكردنە تێكدراو و قێزەونەیان لەبارەی ئیسلامەوە بە پشت بەستن بە بەڵگەو رێسا عەقڵییەكان و ئایەتەكانی قورئان رەتكردۆتەوە."

ئاماژە بەوەشدەدەن "ئەمڕۆ ئێمە بەتەواوەتی لەپاڵ قوربانیانی تیرۆردا وەستاوین و هاوار دەكەین: بێباوەڕین بەو ئیسلامەی كە رێگە بە تیرۆر دەدات. ئێمە بەدەنگی بەرز رایدەگەیەنین كە ئیسلامی توندئاژۆ نوێنەری زۆرینەی رەهای موسڵمانان نییە. هەورەها پشتیوانی حكومەتە تۆتالیتارەكان لە ئیسلامی تیرۆریستی ئیدانە دەكەین."

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"ئەوەی دەیڵێین قسەی ئەمڕۆكەی ئێمە نییە، بەڵكو چەندین دەیەیە لەبەر وەرگرتنی هەڵوێستی لەم جۆرە خراوینەتە نێو زیندانەكانی ستەمكاران و رەنجی دوریی لە نیشتمان دەكێشین. ئێمە ئومێدمان بە رۆژێكە كە ئایین و حكومەت لە ئێران لە یەكتر جیابكرێنەوەو هیچ حكومەتێك بۆ مانەوەی لە دەسەڵات سود لە هیچ ئامڕازێك (لەوانە ئایین) وەرنەگرێت بۆ سەركەوتكردنی ئازادی، لەناوبردنی نەیاران و ئەوانەی جیاواز بیردەكەنەوە."

رۆژی هەینی لەمیانی كۆنفرانسێكدا لە یەكێك لە شارەكانی ویلایەتی نیویۆركی ئەمریكا، لەلایەن كەسێكەوە بە چەقۆ هێرشكرایە سەر سەلمان روشدی و برینداركراو رەوانەی نەخۆشخانە كرا.

هادی مەتەری، تۆمەتباری هێرشەكە، كەسێكی ئەمریكی بەڕەچەڵەك لوبنانییە.

بەپێی میدیا ئەمریكییەكان لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان باس لەوە دەكەن كە ئەو كەسە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پشتیوانی لە سوپای پاسداران كردوە.

زیاتر لە 30 ساڵ لەمەوبەر ئایەتوڵا خومەنی، رابەری ئەو كاتەی ئێران، لەسەر نوسنی كتێبی "ئایەتە شەیتانییەكان"، فەتوای كوشتنی سەلمان روشدی دەركرد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×