ئێران دەڵێت: هیچ پەیوەندییەكمان بە هێرشكردنە سەر سەلمان روشدی نییە
  2022-08-15       476       

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتیدەكاتەوە وڵاتەكەی هیچ پەیوەندییەكی بە روداوی هێرشكردنە سەر سەلمان روشدی، نوسەری ناوداری بریتانی بەڕەچەڵەك هیندی، هەبێت.

ئاوێنە: ناسر كەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ دوشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رەتیكردەوە وڵاتەكەی هیچ پەویەندییەكی بە روداوی هێرشكردنە سەر سەلمان روشدی هەبێت و رایگەیاند لەوبارەیەوە "هیچ كەسێك مافی ئەوەی نییە كۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتبار بكات."

سەلمان روشدی، روژی هەینی، لەكاتی ئامادەبونی لە چالاكییەكدا لە نیویۆرك لەلایەن كەسێك بەچەقۆ بەسەختی برینداركراو گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە.

پێشتر وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رەخنەی لە میدیاكانی ئێران گرت بەهۆی "شانازیكردن" بە هێرشەكەی سەر سەلمان روشدی و ئەو رەفتارەشی بە رەفتارێكی "قێزەون" ناوبردن.

بەرلەوە میدیای رەسمی ئێران پێشتر هێرشكردنە سەر سەلمان روشدی بە "سزای ئیلاهی" ناوبردبو.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەگەڵ رەتكردنەوەی ئەوەی وڵاتەكەی هیچ پەیوەندییەكی بە هێرشەكەوە نییە، راشیگەیاند، ئازادی رادەربڕین نابێتە پاساو بۆ سەلمان روشدی كە لە كتێبەكانیدا "سوكایەتی بە ئایینێك بكات."

وتیشی"ئێمە لەو هێرشەدا جگەلە سەلمان روشدی و پشتیوانانی كەسی تر نابینین كە شایستەی سەرزەنشت تاوەكو ئیدانەكردن بێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×