نوێترین هەڵوێستی ئێران لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمی و کۆبونەوەکانی ڤییەننا
  2022-08-29       561       

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، تاران پێداگرە لەسەر گەیشتن بە رێککەوتن بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی و لەم بوارەدا هیچ نیازخراپییەکی نیە، جەختیش دەکاتەوە کە مەرجی وڵاتەکەی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئەتۆمی ئەوەیە سەرجەم سزاکان هەڵبگیرێن.

ئیبراهیم رەئیسی ئەمڕۆ دوشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا لە تاران ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران باوەڕی بە چەکی ئەتۆمی نییە و هەوڵی بەدەستهێنانی نادات، بەڵام سنوردارکردنی توانا ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەیی هێڵی سورە و سازشی لەسەر ناکات.

پەیوەست دەستکەوتی یەک ساڵی حکومەتەکەشی ئەوەی خستەڕو، حکومەت دەبێت ساڵانە زیاتر لە ملیۆنێک هەلیکار بڕەخسێنێت، بۆیە لەرێگەی راکێشانی سەرمایەی ناوخۆیی و بیانی بەبەهای زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار و فرەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات، توانیویانە دۆخی دارایی وڵات ببوژێننەوە و سەدان کارگەش بەگەڕخراونەتەوە.

باسی لەوەشکردوە، لەماوەی ساڵی رابردو لەرێگەی فرۆشتنی نەوت و رێگری لە خۆدزینەوە لە باج، توانیویانە موچەی فەرمانبەران بەرزبکەنەوە، هەروەها حکومەت رێگری لە هەڵاوسان کردوە و لەداهاتوشدا کار دەکەن بۆ دابەزاندنی هەڵاوسانی ئابوری، لە هەرشوێنێکیش گەندەڵی کرابێت حکومەت بەدوادچونی بۆ دەکات.

سەرۆک کۆماری ئێران دەڵێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبونیش پێویستە ساڵانە 600 هەزار یەکەی نیشتەجێبون لە ئێران دروست بکرێت، جەختیش دەکاتەوە کە لەماوەی ساڵی رابردودا حکومەتەکەیی هاوکارییەکی گەورەی پێشکەش بە خێزانی هەژار و کەمدەرامەت کردوە.

پەیوەست بە ئەندامییەتیش لە رێکخراوی شەنگەهای بۆ هەماهەنگی، ئیبراهیم رەئیسی ئاماژەی بەوەدا، تاران کار دەکات بۆ ئەوەی ئەندامییەتی تەواو لە رێکخراوی شەنگەهای بۆ هەماهەنگی بەدەستبهێنێت، بەوهۆیەش وڵاتەکەیان دەبێتە ئەندامێکی کارا لە تۆڕێکی بەهێزی بازرگانی و ئابوری لەسەر ئاستی ناوچەکە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×