بایدین بۆ ئیسرائیڵ: هەرگیز ناهێڵین ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت
  2022-09-01       557       

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، کە ئەوان هەرگیز ناهێڵن ئێران ببێت بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

ئاوێنە:: بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی سی ئێن ئێنی عەرەبی، جۆ بایدن لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل یائیر لابید، لەبارەی ئاڵەنگارییەکانی ئاساییشی جیهانی و هەرێمی و ئەو هەڕەشانەی ئێران درووستی دەکات، گفتوگۆیکردووە.

بایدن جەختی لەوە کردۆتەوە، کە ئەمریکا هەرگیز ناهێڵێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش رایگەیاند، کە لەو گفتوگۆیەدا بە درێژی باس لە رێکەوتنی ئەتۆمی ئێران و ئەو هەوڵانە کرا، کە رێگری لەوە دەکەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

جێگای ئاماژەیە ئیسرائیل دژ بە رێکەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێرانە و هەفتەی رابردوو لابید بە رۆژنامەنووسانی وت: "ئیسرائیل دژ بە هیچ رێکەوتنێک نییە، ئێمە دژ بەم رێکەوتنەین، چونکە خراپە و ناتوانرێت وەک ئەوەی ئێستا هەیە قبوڵ بکرێت".

جێگای بیرهێنانەوەیە لە 14ی تەموزی 2015 رێکەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران راگەیەندرا، بەپێی رێکەوتنەکە، چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران کەمدەکرێتەوە و لەبەرانبەریدا گەمارۆی ئابووری سەر ئێران لادەبرێت، بەڵام سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دۆنالد ترامپ یەک لایەنە لە رێکەوتنەکە کشایەوە و سزای توندی خستە سەر ئێران. ئەم ساڵیش یەکێتی ئەوروپا رەشنووسێکی تری پێشکەش کرد تا ئەو رێکەوتنە بگاتە ئەنجام.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×