ئێران: بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی داوای گەرەنتی بەهێزتر لە ئەمریکا دەکه‌ین
  2022-09-01       412       


وەزیری دەرەوی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە میانی سەردانێکیدا بۆ مۆسکۆ پایتەختی رووسیا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، سێرگی لاڤرۆڤ کۆبوویەوە و سەبارەت بە سەرلەنوێ کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە بەردەوامن لە تاوتوێکردنی ئەو پێشنیازانەی ئەمریکا ناردوویەتی و گوتی: "لە بەباتی گەرەنتییەکاندا پێویستمان بە دەقێکی بەهێزترە. ئەگەر ئەمریکا راستبینانە هەڵسوکەوت بکات و ئەو دەقەی کە هەیە بەهێزتری بکات، ئەوە رێککەوتن دوور نییە".

ئاوێنه‌: وەزیری دەرەوی ئێران لە میانی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئاماژە بەوە کرد کە پەیامی سەرکردەیەکی ئەورووپای سەبارەت بە دۆخی ئۆکراینا بە لاڤرۆڤ گەیاندووە و گوتی: "پەیامەکە بیرۆکەی سەبارەت بە بەرپاکردنی ئاشتی لە ئۆکراینا و پاڵپشتیکردنی کۆتاییهێنان بە چالاکییە سەربازییەکانی لەخۆگرتووە. لەگەڵ لاڤرۆڤ قسەمان لەسەر ئەمە کرد".

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ هاوتا رووسییەکەی پرسەکانی هەماهەنگی لە بوارەکانی بازرگانی، ئابووری، گواستنەوە، بەرگریی و ئاسایش لە نێوان هەردوو وڵاتدا تاوتوێ کردووە و جەختی لەوە کردەوە کە توانای فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و رووسیا زۆر زیاترە و ئۆمێدی خواست کە لە ماوەیەکی نزیکدا هەماهەنگیی ستراتیژیی درێژ مەودا لە نێوان ئێران و رووسیادا ئەنجامبدرێت.

وەزیری دەرەوی ئێران ئەوەشی خستەڕوو کە لەگەڵ لاڤرۆڤ باسیان لە پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کردووە و دەربارەی پرسی سووریا گوتی: "سوورین لەسەر ئەوەی سووریا لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی ئاستانادا لەم دۆخەی ئێستای رزگار بکەین".

عەبدوڵڵاهیان دەربارەی پێشهاتەکانی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە لەگەڵ رووسیا هاوڕابوونە لەسەر بەردەوامبوون لە پاڵپشتیکردنی عێراق و بەهێزکردنی تواناکان بۆ سەقامگیریی ئەو وڵاتە.

وەزیری دەرەوی ئێران،حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ئاماژەی بە وەڵامی ئەمریکا سەبارەت بە رەشنووسی رێککەوتنی ئەتۆمی کرد کە بە نەخشەڕێگای کۆتایی دانوستانە ئەتۆمییەکان دادەنرێت و لەلایەن رێکخەری دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران، یەکێتی ئەورووپاوە پێشکەش کراوە و گوتی "دوایین دەقمان لە ئەمریکاوە سەبارەت بە هەڵگرتنی سزاکان پێگەیشتووە. هاوپیشەکانم بە وردی لە پێشنیازەکانی ئەمریکا دەکۆڵنەوە. لە بەباتی گەرەنتییەکان (هەڵگرتنی سزاکان و گەرەنتی ئەوەی کە ئەمریکا جارێکی دیکە لە رێککەوتنەکە ناکشێتەوە) پێویستمان بە دەقێکی بەهێزترە. ئەگەر ئەمریکا راستبینانە هەڵسوکەوت بکات و ئەو دەقەی کە هەیە بەهێزتری بکات، ئەوە رێککەوتن دوور نییە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×