فەرەنسا؛ لە شەڕی نێوان چەند كۆچبەرێكی كوردو سودانیدا نۆ كۆچبەر برینداربون
  2022-09-03       601       

دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارەو پەنابەران، ئەمڕۆ شەممە، ئاشكرایكرد، لە شەڕی نێوان چەند كۆچبەرێكی كوردو سودانیدا لە كەمپێكی كۆچبەران لە فەرەنسا، نۆ كۆچبەر برینداربون.

ئاوێنە: دەزگای لوتكە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"بەپێی زانیارییەکانی دەزگای لوتکە، ڕۆژی پێنجشەمە ١/٩ لە کەمپێکی کۆچبەران لە شارۆچکەی (لۆن پلاگ) لە نزیک (دەنکیرکی) لە باکوری وڵاتی فەرەنسا بەهۆی شەڕ و پێکدادان لە نێوان کۆچبەرەکاندا، ٩ کەس بریندار دەبن کە برینی هەندێک لە کۆچبەرەکان سەختە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"بەپێی وتەی شایەتحاڵەکان چەند کۆچبەرێکی کورد هێرشیان کردۆتە سەر چەند کۆچبەرێکی سودانی و تەقەیان بە ئاڕاستەی کەمپەکە کردوە، بەوهۆیەوە برینداری لێکەوتۆتەوە."

ئاماژەی بەوەشداوە "تا ئێستا هۆکاری سەرەکی ڕوداوەکە دیار نییە."

کەمپی  شارۆچکەی (لۆن پلاگ) نزیکەی (٤٠٠) بۆ (٥٠٠)  کۆچبەری لێ نیشتەجێن کە هاوڵاتی ئەفغانی و ئێرانی و سودانی و ئەڵبانی و عێراقی تێدایەو زیاتر لە لەسەدا 70یان کۆچبەری کورد و عێراقین. بەپێی قسەی دەزگای لوتكە "ئێستا بەهۆی لێکۆڵینەوەکان لە ڕوداوەکە ئەو کەمپە چۆڵ کراوەو سەرجەمیان گواستراونەتەوە بۆ کەمپێکی دیکە ."

ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە ڕایگەیاندوە، "ڕوداوەکانی ئەم دوایانەی کەمپەکان ترسێنەرو ڕو لە زیاد بونن، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ خراپی باری گوزەرانی کۆچبەرەکان و نەبونی پێداویستییە سەرەتاییەکان کە لە چەند هەفتەی پێشو چەند گەنجێک لە نزیک کەناڵی بۆربۆرگ لە کاتی مەلە کردندا خنکاون بەهۆی نەبونی شوێنی گونجاو بۆ گەرماوکردن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×