سەرۆک کۆماری چیچانی روسیا لەگرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەڵێت "دوای 15 ساڵ خزمەت، شایەنی "پشوویەکی درێژو بێسنوورمو کاتی ئەوە هاتووە پۆستەکەم بەجێببهێڵم".
ئاوێنە: بە گوێرەی هەواڵێکی "رەشا تۆدەی"، رەمەزان قادیرۆڤ، سەرۆکی کۆماری چیچانی رووسیا، ئەمڕۆ (یەکشەممە) لەکەناڵی تێلێگرامی خۆی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردۆتەوەو وێڕای ئاماژەکردن بە "خزمەتە درێژخایەنەکەی"، دەڵێت "پێدەچێت کاتی هاتبێت دەست لەکاربکێشمەوە بەرلەوەی دەرم بکەن".
دەشڵێت "گەنجێتیم تەواو بوەو هەوڵ دەدەم لەکاتی خۆیدا پۆستەکەم بەجێبهێڵم".
لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا، قادیرۆڤ جەختی کردووەتەوە "من خۆم تێدەگەم کە ماوەیەکی زۆرە ئەم پۆستەم بەدەستەوەیە، پێموایە بەتەواوی شایەنی پشوویەکی درێژ و بێسنوورم."
سەرۆکی کۆماری چیچانی روسیا لەکاتی بەکارهێنانی پەندێکی چیچانیدا باسی پرسی دەستلەکارکێشانەوەی کردو وتی "ئێمە لەقەفقاز پەندێکمان هەیە کە دەڵێت گرنگ نییە میوان چەند دەمێنێتەوە، گرنگ ئەوەیە لەکاتی خۆیدا بڕوات".
قادیرۆڤ لەمانگەکانی تشرینی دووەمی ٢٠١٧ و شوباتی ٢٠١٦ لێدوانی هاوشێوەی دا و وتی "کاتی ئەوە هاتووە پۆستەکەم بەجێبهێڵم".
رەمەزان قادیرۆڤ لەساڵی ٢٠٠٧دا سەرۆکایەتی کۆماری چیچانی گرتە ئەستۆو لەو کاتەوە لەم پۆستەدایە.