سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک: خەڵکی ئێمە هەر ئیشێک بە کۆمپانیا بدرێت و بکرێت پێی ئیستفزاز دەبێت
  2022-09-08       557       

فەهیم عەبدوڵا، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک رایگەیاند،  خەڵکی هەر ئیشێک بە کۆمپانیا بدرێت پێی ئیستفزاز دەبێت، پێیباشە حکومەت لە ڕێگای وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ سەرپەرشتی دانانی کامێرای پۆینت تو پۆینت بگرێتە ئەستۆی خۆی، ڕەنگە ئەو کات لەسەر هاوڵاتی ئاسانتربێت و باشتر پێشوازی لەم سیستمە بکات.

ئاوێنه‌: فەهیم عەبدوڵا، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک، بەدەنگی ئەمریکای راگەیاندوە،"قوربانییەکانی هاتوچۆ لەسەرتاسەری کوردستان تا دێت لە زیادبوندان، من لەگەڵ دانانی سنورێکم بۆ ئەو تیژڕەوییەی کە بۆتە هۆی کەوتنەوەی چەندەها قوربانی لەسەرتاسەری کوردستاندا، لەگەڵ ئەوەشدا من هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نیم ئیستغلالی هاوڵاتی بکرێت یاخود ئەم مەسەلەیە بکرێتە بابەتێکی فشار لەسەر حسابی گیرفانی خەڵک، بەڵام دەبێت هەموان پابەندی یاساکانی هاتوچۆ بین".

ئاماژەیبەوەشکردوە،"خەڵکی ئێمە هەر ئیشێک بە کۆمپانیا بدرێت پێی ئیستفزاز دەبێت، لەبەر ئەوە پێمباشە حکومەت بۆخۆی هەستێت بەدانانی ئەو سیستمە، من نازانم بەڵام هەمو دنیاش سیستمی هاتوچۆی خۆی هەیە و لە ژێر چاودێری حکومەتدایە، من پێم باشە حکومەت لە ڕێگای وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ سەرپەرشتی ئەو کارە( دانانی کامێرای پۆینت تو پۆینت) بگرێتە ئەستۆی خۆی، ڕەنگە ئەوکات لەسەر هاوڵاتی ئاسانتر بێت وە هاوڵاتیش باشتر پێشوازی لەم سیستمە بکات".

باسیلەوەشکردوە،"ئێستا لە پارێزگای دهۆک پڕۆسەیەک هەیە کە لێرەوە دەست پێدەکرێت، ئەویش ئەوەیە کارەبای نیشتمانی بکرێتە کارت، بە بۆچونی من ئەگەر حکومەت بۆ خۆی لە ڕێگای وەزارەتی کارەباوە ئەوە بکات و ڕاستەوخۆ دەستی کۆمپانیاکانی تێدا نەبێت خەڵک زۆر بە باشی پێشوازی لێدەکات و بۆ حکومەتیش زۆر باشترە، ئەم سیستمە لە سەنتەری بازاڕی دهۆکەوە تێست دەکرێت بۆ ئەوەی کارەبای نیشتمانی ببێتە 24 کاتژمێر، بۆیە ئەو دوکەڵ و دەنگە دەنگەی مۆلیدەکان ڕەنگە نەمێنێت، دوەم حکومەتیش پارەی کارەبا وەردەگرێت، هاوڵاتیش خۆی خەون بەو ڕۆژەوە دەبینێت کە کارەباکەی ببێتە بیست و چوار کاتژمێر، ئامانجەکەش هەر بۆ کارەبای 24 کاتژمێرییە تا مۆلیدەش نەمێنێت، ئێستا ئەم پڕۆژەیە حکومەت خۆی جێبەجێی دەکات".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×