ساداتی نەهری یان گەیلانیزادە لەکوردستانی ناوەڕاستدا
  2022-09-14       1143       
شێخ عوبەیدوڵای نەهری‌و جيمس كوكران

مارتن ڤان بروونەسن  

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

 

  بنەماڵەیەکی عولەما ئیددیعای ئەوە دەکەن کە نەوەی عەبدولقادری گەیلانین، ڕۆڵێکی سیاسیی گرنگ و بەرچاویان گێڕاوە لە مێژووی کوردستانی ناوەڕاستدا لە دوادوایی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیستدا. ئەم بنەماڵەیە بە ساداتی نەهری دەناسرێن بە پێی ئەو گوندەی کە تێیدا نیشتەجێن و ناوی نەهرییە لە ناوچەی شەمدینان. شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری لە ساڵی ١٨٨٠دا سەرکردایەتیی شۆڕشێکی کرد کە بە یەکەم شۆڕشی کورد دادەنرێت کەوا مۆرکێکی نەتەوەیی هەبێت. هەروەها کوڕ و نەوەکانی ڕۆڵی گەورەیان بینیوە لە جووڵانەوەی کورددا، لە پاڵ بەهێزکردنی پێگەی سیاسی و ئابووریی خۆیاندا.

   ئێمە بۆ ئەو زانیارییە زۆرەی کەوا لەبارەی ڕەچەڵەک و مێژووی ئەم بنەماڵەیە بەدەستمانهێناوە قەرزاری باسیل نیکیتینین، کە لە ساڵانی ١٩١٥ تا ١٩١٨ کونسوڵی ڕووسیا بووە لە ورمێ و لەوێ لە ناو ئاوارەکانی جەنگدا کە لە تورکیاوە گەیشتبوون چاوی کەوتبوو بە مەلایەکی خوێندەواری کوردی خەڵکی نەهری بە ناوی سەعید قازییەوە. مەلا سەعید بووەتە مامۆستایەکی تایبەتی نیکیتین و لە سەر داوای ئەو زنجیرەیەک دەقی نووسیوە لە سەر ژیانی کۆمەڵایەتی و ئاینیی کوردستانی ناوەڕاست، کەوا دواتر نیکیتین وەرگێڕانەکەیانی بڵاوکردەوە (نیکیتین و سۆن ١٩٢٣؛ نیکیتین ١٩٢٥ ئە، ١٩٢٥ بێ). جێی سەرسوڕمان نییە کەوا ساداتی نەهری ڕۆڵی سەرەکی ببینن لەو گێڕانەوانەدا، چونکە مەلا سەعید لە ڕۆژگاری محەممەد سدیقی کوڕی عوبەیدوڵڵادا بووبووە مامۆستایەکی ئاینی لە نەهریدا.

 

ڕەگ و بنەچە

  ساداتی نەهری ئیددیعای ئەوە دەکەن کە لە نەوەی عەبدولعەزیزی کوڕی عەبدولقادرن (گەیلانی - و)، کە بەپێی نەریت و ترادیسیۆنی بنەماڵەکە لە ئاکرێ (باکووری ڕۆژهەڵاتی مووسڵ جێگیر بووە و لەوێ ڕینمایی و تەعالیمی باوکی بڵاوکردووەتەوە. هەروەها لە ئاکرێیش نێژراوە، کە مەزارەکەی بەپێی قسەی مەلاسەعید، جێگەی سەردان و زیارەت بووە لە سەرەتاکانی سەدەی دووەمدا (کۆچی - و) و ئەبوبەکری کوڕی عەبدولعەزیز لە باکوور نیشتەجێ بوو، لە ناوچە شاخاوییەکانی خێڵی هەرکیدا لە شەمدینان. سێ چوار پشتی دواتری، کە مەلا حاجی بووە لە گوندێکی تری شەمدینان نیشتەجێ بووە، لە ناو عەشیرەتی خوماروی دەراوسێدا. دیسان چەندین پشتی دواتر، مەلا ساڵحی سەرۆکی بنەماڵەکە، لەگەڵ هەردوو کوڕەکەیدا، عەبدوڵڵا و ئەحمەد، گواستوویانەتەوە بۆ گوندی نەهری. بنەماڵەکە ئیددیعای ئەوە دەکەن کەوا بە زنجیرەیەکی بەردەوام لە سەردەمی عەبدولعەزیزەوە ئیرشادی تەریقەتی قادرییان کردووە. بەهەرحاڵ، گواستنەوە بۆ نەهری هاوزەمان بووە لەگەڵ دەسبەردار بوونی ڕێبازی بنەماڵەکە و چوونە سەر تەریقەتی نەقشبەندیی - خالیدی١. لێرە سەید عەبدوڵڵا و (هەروەها بەپێی هەندێ سەرچاوە، سەید ئەحمەدی برایشی) بوون بە خەلیفەی مەولانا خالیدی ڕابەر و مژدەدەری گەورەی تەریقەتی نەقشبەندی، کەوا خودی خۆیشی پێشتر لە سەر دەستی سەید عەبدوڵڵا تەمەسوکی کردووە بە تەریقەتی قادرییەوە. لە پاش کۆچی دوایی عەبدوڵڵا سەید تەهای کوڕەزای جێیگرتەوە، کەوا ئەمیش ئیجازەی لە مەولانا خالید وەرگرتووە (مەکنزی، ١٩٦٢: ١٦٢ - ١٦٣).

   چەندین لقی تری تەریقەتی قادری سیلسیلەی خۆیان دەبەنەوە سەر عەبدولعەزیز (کە ساڵی ٦٠٢ / ١٢٠٥ - ١٢٠٦ مردووە)، بەڵام لە هەموو حاڵەتەکاندا ئەم پەیوەستبوونە بەباشی لێکگرێنەدراون - چون دۆخی سەرەتاکانی قادری بە شێوەیەکی گشتی. جیلالا لە باکووری ئەفریقا، کە شێخ عەبدولقادر بە شێخی شکۆداری خۆی دەزانێت و وەلای بۆ بنەماڵەیەکی پیرۆز هەیە لە فاس، کە ئەوانیش شورەفای جیلالان و ئیددیعای ئەوە دەکەن کە نەوەی عەبدولقادرن لە عەبدولعەزیز و ئیبراهیمی برایەوە (مارگۆلیۆس ١٩٧٤: ٣٨٢). لقی قادری کە باڵادەستە لە ئەمڕۆی ئیندۆنیسیادا دیسان سیلسیلەی خۆی دەباتەوە سەر عەبدولعەزیز و جێگرەوەیەکی بە ناوی موحەممەد ئەلحەتتاک٢.

  لە سەرچاوە عەرەبییە بەراییەکاندا ئیشارەت بە عەبدولعەزیز کراوە (لەگەڵ ئەوەشدا کە دەگەڕێنەوە بۆ زیاد لە سەدەیەک لە دوای مردنی)، کە باس لە ئەگەری بەردەوامبوونی دەکەن لە سەر ئیرشادی باوکی - کە سروشتی هەرچییەک بووبێت. ئەلواسیتی (٧٤٤ / ١٣٤٣) جەخت لەوە دەکاتەوە کەوا عەبدولڕەزاق و عەبدولعەزیز تەنها کوڕ بوون کە شوێن کار و پیشە سێکولارەکانیان نەکەوتبوون (تریمینگهام ١٩٧١: ٤٢). هەر لەم ڕووەوە مارگۆلیۆس - هەرچەندە ڕوون نییە کە بەپێی بنەمای چ سەرچاوەیەکە - باس لە گوندی جیال دەکات لە سنجار (ڕۆژئاوای مووسڵ) نەک ئاکرێ کە عەبدولعەزیز تێیدا کۆچی دوایی کردووە (مارگۆلیۆس ١٩٧٤: ٣٨٣).

  هێڵکاریی هاوپێچی سەجەرەی ڕەچەڵەکی سەرەکیی بنەماڵەکە ئەو خەتە دەردەخات کە ئەندامە سەرەکییەکانی بنەماڵەکەی بۆ دەگەڕێنەوە٣ و من تێیدا هیچ ئیشارەتێکم نەبینیوە بۆ ساداتی نەهری لە پێش "وەرچەرخانیان" بۆ سەر ڕێباز یان تەریقەتی نەقشبەندی. ئەوان لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەوە دەرکەوتن، لە ئەنجامی گۆڕانکاری لە هاوسەنگیی هێزی هەرێمیدا و هەروەها بە هۆکاری پەیدابوونی ئەو مژدەدەرانەی بە سیفەتی ئەوەیان کە دەسەڵاتی پێشەنگی ئیسلامین لە ناوچەکەدا بە ئاشکرا نوێنەرایەتیی هێزێکیان دەکرد کە حیسابی بۆ دەکرا و بەو پێیەش بە ڕێکوپێکی ڕاپۆرتی لەبارەوە دەدرا.

  چاکسازییە کارگێڕییەکانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە ژێر سایەی سوڵتان مەحموودی دووەم (١٨٠٨ - ١٨٣٩) و عەبدولمەجید (١٨٣٩ - ١٨٧٦) سەربەخۆیی بنەماڵە کوردەکانی نەهێشت کە بۆ چەندین پشت و نەوە بوو حوکمی ئەو   ناوچە و شوێنانەی کوردستانیان دەکرد کە بە ئاسانی ڕێگەی پێگەیشتنیان نەبوو. ئەمەش بنەماڵەی شەمبۆی هەکاریی دەگرتەوە (کەوا نووروڵڵای دوا حوکمڕانی لە ساڵی ١٨٤٩دا لابرا و دوورخرایەوە بۆ دوورگەی کرێت) و بنەماڵەی عەباسیی بەگزادەی شەمدینان. وەک ئەوەی لە شوێنەکانی تری کوردستان ڕوویاندا، ئەو بەرپرس و کارمەندانەی دایاندەنان نە شەرعییەتیان هەبوو و نە بارودۆخی پێویستی ئەو ناوچەیە تێدەگەیشتن کە تێیدا جێگەی حوکمڕانە "فیوداڵە" لەکارخراوەکانیان گرتبووەوە و ئەمەش وای لە ڕابەرە ئاینییەکان کرد کە ڕۆڵی سیاسی بگێڕن٤. بەم پێیە دەسەڵاتی دیفاکتۆ لە ناوچەیەکی گەورە و بەرفراوانی کوردستانی ناوەڕاستدا گوێزرایەوە بۆ شێخ سەید تەها، کە لە واقیعدا لە دوا ساڵەکانی نووروڵڵا بەگدا وەک ناوبژیوان کاری دەکرد لە نێوان ئەم و دەسەڵاتدارانی عوسمانیدا٥.

  سەید تەها زۆر باش ئاگاداری پەرەسەندنە جیۆپۆڵەتیکەکان بوو لەم ناوچە بەرفراوانەدا و بە شێوەیەکی تایبەتی نیگەران بوو لە پەلهاوێشتنی ڕووسیا بەرەو باشوور و زیادبوونی دەسەڵاتی هێزە ئیمپریالییە سەرەکییەکان (بەریتانیا و ڕووسیا و فەرەنسا) لە سەر ئیپمپراتۆرییەتی عوسمانی. لە ماوەی جەنگی کریمیاشدا (١٨٥٤ - ١٨٥٦) خۆی بەشەخسی بەشداریی جیهادی کردووە دژ بە ڕووسیا٦. هەروەها نامە و نامەکاریی هەبوو لەگەڵ شێخ شامیلی پاڵەوانی بەرگریی داغستانی دژ بە ڕووسیا (کە لە ساڵی ١٨٧١دا مردووە) و تەنانەت پێدەچێت کە جەنگاوەرانی کوردی ناردبێت بۆ داغستان بۆ بەشداربوون لە بزووتنەوەی بەرگریدا٧.

 

شێخ عوبەیدوڵڵا

  شێخ عوبەیدوڵڵاش وەک باوکی لە خەم و دڵەڕاوکێدا بوو و لە جەنگی ڕووس و عوسمانیدا (١٨٧٧ - ١٨٧٨) حکوومەتی عوسمانی کردی بە فەرماندەی هێزی عەشیرەتە کوردەکان و ئەمەش بەرەو چالاکیی سیاسی پاڵی پێوەنا. ساڵێک لە پاش جەنگەکە بۆ ماوەیەکی کورت شۆڕشێکی بەرپا کرد دژ بە ئیدارەی هەرێمیی عوسمانی و سەلماندی کەوا توانای پیادەکردنی دەسەڵاتێکی کارا و کاریگەری هەیە لە کوردستانی ناوەڕاستدا و لە ساڵی ١٨٨٠دا هێزە کوردییە خێڵەکییەکانی سەر بە شێخ عوبەیدوڵڵا ناوچە نزیکەکانی  دەراوسێیان گرت لە ئێراندا بەو نیازەی ئیدارەی کارگێڕیی ئیداریی ئێران بگۆڕن کە جەماوەرێتیی نەبوو لە ناوچەکەدا و لەجیاتیدا شێخ حوکم بکات. هەندێ بەڵگە و ئاماژە هەن کەوا ئەمە بە یەکەم ڕاپەڕینی کورد لەقەڵەم بدەن بە مۆرکێکی نەتەوەیی ڕوون و ئاشکراوە. شێخ لە نامە و نووسراوکاریدا لەگەل بیانییەکان لەبارەی کوردەوە وا قسەی کردووە کە بە شێوەیەکی بەرچاو خەڵکانیکی جیاوازن لە ئەرمەن کە ڕووسیا ناسیۆنالیزمی ورووژاندووە لایان و سکاڵای دەربڕیوە لە ئیدارەی خراپ و گەندەڵی فارسی و عوسمانی. هەروەها بەرپرس و کاربەدەستانی عوسمانی و مسیۆنێرەکان (مژدەدەرەکان) و کونسوڵە بیانییەکان  باوەڕیان وایە کە بەنیازی دامەزراندنی میرنشینێکی سەربەخۆی کورد بووە.

  ڕۆڵی سەربازیی شێخ لە جەنگی ڕووسیا - عوسمانیدا پێگە و هەڵوێستی ئەوی دووپات کردەوە و (بە هەمان شێوەش تێگەیشتن لە خۆی) کەوا سەرکردە و ڕابەرێکی کوردی وایە کە لە ئاستێکی بەرفراواندا ڕێزی لێدەگیرێت. زۆربەی ئەو چەک و جبەخانەیەی درابوو بە عەشیرەتەکان لە ماوەی جەنگدا لە کوردستاندا مابووەوە و ئەمەش پێگەی شێخی بەهێزتر کردبوو. پێدەچێت هۆکاری سەرەکی شۆڕشەکەی شێخ ئەو تێگەیشتن و بۆچوونەی بێت کەوا ئەرمەنەکانی وان، بە یارمەتی و هاوکاریی نێودەوڵەتی، خۆ ئامادە دەکەن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و لەولاشەوە نەستوورییەکان لە ناوچەکەیدا داوای پارێزگاریی بەریتانییان کردبوو٨. بەهەرحاڵ، هۆکارێکی تریش کە خۆی بەردەوام دووپاتی دەکردەوە، حوکمڕانیی خراپ و ستەمکردن بوو لە لایەن ئیدارەی ناوخۆوە و شکستخواردنی لە ڕێگرتنی تاڵانی و ڕاووڕووت لە لایەن خێڵە کوردە گەورە و کۆچەرەکانی هەرکی و شکاکەوە. شێخ لە ساڵی ١٨٧٩دا بۆ ماوەیەکی کورت لە دژی دەسەڵاتی ئیدارەی هەرێمیی ڕاپەڕی بە هۆی ناکۆکی و ململانێیەکەوە لەگەڵ حاکمی گەڤەردا. بەڵام سەرەڕای هێرشێکی پێچەوانەی کورد بۆ سەر ئەو فەوجە عوسمانییەی نێردرابوو بۆ گێڕانەوەی ئاسایش و ئارامی، مەسەلەکە بە شێوەیەکی دۆستانە چارەسەرکرا و کاربەدەستی سەرپێچیکار دەرکرا و شێخیش بە مێداڵێک و بڕینەوەی مووچەیەک خەڵاتکرا لەپای خزمەتەکانی لە جەنگی ڕابوردوودا.

  سەرباری ناڕەزایی و بەرپەرچدانەوەی شێخ بۆ خولیا و مەرامەکانی ئەرمەن، بەڵام بە شێوەیەکی بەرچاو پەیوەندییەکانی لەگەڵ نەستوورییە کریستیانەکانی دەراوسێی نزیکی باش بوو لە ماوەی ڕاپەڕینی ساڵی ١٨٨٠دا. لە ڕاستیشدا، لەبەر هەر هۆیەک بووبێت، نەستوورییەکان پشتیوانییان لێکردووە. بە هەمان شێوە پەیوەندیشی هەبوو لەگەل ئەو مسیۆنێرە بیانییانەی لە ناوچەکەدا کاریان دەکرد، کەوا بە شێوەیەکی گشتی لایەنگرییان دەکرد. لە کاتی داگیرکردنی وڵاتی فارسدا (ئێران)، شێخ محەممە سەعیدی زاوا و خەلیفەی بە کونسوڵی گشتیی بەریتانی لە ورمێ و نێردە ئەمریکییەکانی گوتبوو کەوا "ئامانجی عوبەیدوڵڵا سەرکوتکردنی جەردە و ڕێگر و گێڕانەوەی ئاسایش و ئارامییە لە چوارچێوەی سنووری تورکیا و ئێراندا و بە یەک چاو تەماشا کردنی کریستیان و موسڵمانەکانە و پەسەند کردنی خوێندەوارییە و ڕێگەدانە بە دروستکردنی کەنیسە و قوتابخانە" و داوای پشتگیریی مۆراڵیی ئەوروپییەکانی کرد بۆ ئەم پرۆژەیە (جوەیدە ١٩٦٠: ٢٣٩).

  بەو پێیە شۆڕشەکە کوردەکانی بەرەوڕووی کریستیانەکانی ناوخۆ یان گرووپە ئیتنیکییەکانی تر نەکردەوە. هێزەکانی شێخ لە سێ سوپادا ڕێکخران بە فەرماندەیی هەردوو کوڕەکەی محەممەد سدیق و عەبدولقادر و محەممەد سەعیدی زاوای و پێکهاتبوون لە زۆربە خێڵەکانی ناوچەکە و ئەمەش جارێکی تر بەڵگەیە کە دەسەڵاتی شکاوە بەسەر دابەشبوون و ململانێ و ناکۆکیی خێڵەکاندا٩. لەگەڵ ئەوەشدا، یەکێک لە ئامانجە ڕاگەیەنراوەکانی داگیرکاریی لە وڵاتی فارسدا تەمێکردنی خێڵی گەورەی کوردی شکاک بوو کەوا گەلێ جار جووتیارانی کورد و ئازەری و نەستوورییان تاڵان  دەکرد لە دەشتی ورمێدا. کەچی بە هەمان شێوە، پیاوەکانی شێخیش بە ڕۆڵی خۆیان کەوتنە تاڵانکردن، بەڵام لەو شارۆچکانەی ناوچەکەدا کە کورد تێیاندا نیشتەجێ بوو پێشوازییان لێکرا و خێڵە کوردەکانی ناوچەکە چوونە پاڵیان و هەموو کاربەدەستە فارسەکان هەڵاتن.

  جووڵانەوەکە مۆرکێکی دژ بە شیعەی وەرگرت پاش ئەوەی دانیشتووانی ئازەرییە شیعەکانی شاری میاندواب بەرهەڵستییان کرد و ئەو نێردە کوردانەیان کوشت کە بۆ داواکردنی زەخیرە و پشتیوانی بۆ هێزەکانی شێخ چووبوونە لایان. پێدەچێت فەتوایەکی گەورەی مەلاکانی سابڵاخ (مهاباد) کە بانگەشەی جیهادی کردبوو دژ بە شیعەکان ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی بینیبێت١٠. ئەوجا هێرش کرایە سەر میاندواب و چەند هەزار کەسێکی دانیشتووی ئەو شارە قەتڵوعام کران. پاشان هێزە کوردییەکان لەم بەرەیەوە بە فەرماندەیی شێخ عەبدولقادر پێشرەویی زیاتریان کرد بەرەو خاک و ناوچەکانی ئازەری و لە تۆڵەکردنەوەدا تا مەراغە دێهاتەکانیان تاڵانکرد و سووتاندیان.

  دواجار سەرکوت کردنی ڕاپەڕینەکە لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە بە هەمان ئەندازە توندوتیژ و خوێناوی بوو ئەگەر زیاتر نەبووبێت. لە دەشتی ورمێدا سوپا بە گۆترەکاری نەک هەر تەنها کوردی دەکوشت بەڵکو نەستوورییەکانیش. لەو دەمەدا، ئەوی لە هێزە خێڵەکییەکانی شێخ مابووەوە هەڵوەشایەوە و لە سنوورەوە گەڕایەوە بۆ شوێن و ڕێی خۆی و ئەوجا شێخ و کوڕەکانیشی گەڕانەوە بۆ شەمدینان. وا دیارە هەڵوێستی شێخ عوبەیدوڵڵا لە حکوومەتی عوسمانی و هەروەها هەڵوێستی حکوومەت لە شێخ، لە کاتی شۆڕشەکەدا دژوار بوو. شێخ هیچ کاتێ ڕانەدەوەستا لە ئاشکرا کردن و ڕاگەیاندنی هەڵوێستی ملکەچبوونی بۆ سوڵتان (کە بێگومان وەک خەلیفەی موسڵمانان تەماشای دەکرد)، بەڵام هەندێ لە بەرپرسانی عوسمانی و مسیۆنێرەکان باوەڕیان وابوو کە شێخ هەوڵی جیابوونەوە دەدا لە ئەستەمبووڵیش. حکوومەت بە شێوەیەکی بەرچاو جڵەوی بۆ شلکردبوو و هەندێ لە چاودێران وایبۆدەچوون کە بە شێوەیەکی زیمنی پاڵپشتیی جۆشدانی کوردەکان دەکات وەک زەمانەتێک دژ بە مەترسییە گەورەترەکەی ناسیۆنالیزمی ئەرمەنی١١.

   دوابەدوای یاخیبوونەکە شێخ بانگکرا بۆ ئەستەمبووڵ، بەڵام ئەو پێشوازیکردنە گەرمەی کە وەک قارەمانێک لێیدەکرا لە هەموو شوێنێکی ڕێگا ئاماژەی ئەوەی دەگەیاند کە وەک یاخیبوویەکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت. ئەوجا لە پاش ساڵێک لە هێشتنەوەی بە دەسبەسەری لە ئەستەمبووڵ گەڕایەوە بۆ شەمدینان. دەسەڵاتداران لە ژێر فشاری بیانیدا جارێکی تر گرتیانەوە و ئەمجارەیان دووریانخستەوە بۆ مەککە و لەوێ لە ساڵی ١٨٨٣دا کۆچی دوایی کرد١٢.

 

شێخ محەممەد سديق (ساڵی  1911 کۆچی دوایی کردووە)

   ڕێگە بە محەممەد سديقی کوڕە گەورەی عوبەيدوڵڵا درا کە بگەڕێتەوە بۆ نەهری و جێگەی باوکی بگرێتەوە وەک کەسێکی زۆر کاریگەر لە کوردستانی ناوەڕاستدا و ئەمەش پێگەیەک بوو کە هەرچۆنێک بووە دەبوو بەردەوام بەرگریی لێبکرێت دژ بە شێخە ڕکابەرەکان و سەرۆک خێڵەکان. دیکسۆن (ساڵی ١٩١٠) باس لە گێڕانەوەی گەڕیدەیەک دەکات لەبارەی ئەم ڕکابەرانەوە، بەڵام تا ڕادەیەکی گەورە جوانترین سەرچاوە لە سەر کاریگەریی محەممەد سدیق ئەو چیرۆکەیە کە مەلا سەعیدی ئەمینداری پێشووی بۆ نیکیتینی نووسیوە (نیکیتین و سۆن ١٩٢٣). ئەمە گێڕانەوەیەکی دەگمەنی شایەتحاڵێکە سەبارەت بەو زیرەکی و مانۆڕانەی کە شێخ تێیدا ڕکابەریی نێوان سوتۆ و تاتۆی دوو سەرۆک خێڵی  بەکارهێناوە بۆ ئەوەی مڵک و ماڵی هەردوکیان بۆ خۆی زەوت بکات.

  مسیۆنێر یان مژدەدەر دەبلیو. ئە. ویگرام باسێکی سەیر و سەمەرە دەگێڕێتەوە لەبارەی پرۆژە ئابوورییەکانیەوە و پەیوەندیی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عوسمانیدا و دەڵێ کەوا "[شێخ محەممەد سديق] لە باوکی وریاتر و لێزانتر   بوو و قەناعەتی بە سامان و دەسەڵات هەبوو و لە ڕێگەی قاچاخچێتیی گەورە بە تووتنەوە زۆرترین پارە و سامانی پێکەوەنابوو. کاروانەکانی ئەو کە بەرەوخوار دەبوونە بۆ وڵاتی فارس گەلێ جار لە سەد هێستر تێدەپەڕین و بە ئاشکرا تەحەدای کاربەدەستانی ڕێژیی دەکرد و بەشێکی گەورەی داهاتەکەی بۆ تفەنگ کڕین بەکاردەهێنا، کە بە قاچاخ لە ڕووسیاوە دەرباز دەکرا بۆ ورمێ"١٣. شێخ بەشێک لە پارەکانی دەخستە ئەژماری سوودەوە (توفیر) لە بانکێکی بەریتانیدا و (بۆ ئەمەش ویگرام بۆی دەسنشان کردبوو). هەڵبەت دەبێ  ئەم یەکێک بووبێت لەو یەکەم سەرۆکە کوردانەی کە لە دەرەوە وەبەرهێنانی کردووە لە پارە و سامانەکەیدا.  لەو سۆنگەیەوە هەردوک قایمقام و پشکنەری مۆنۆپۆڵی دەوڵەت بۆ تووتن (ڕێژی) لەو گەڕەکانە دەژیان کە شێخ دەستبڵاوانە پارەی بۆ خەرج دەکردن و ئەمەش خستبوونیە دۆخێکەوە کەوا بە جیددی دەست وەرنەدەنە کاروباریەوە١٤.

 

سەید عەبدولقادر (ساڵی ١٩٢٥ کۆچی دوایی کردووە)

  عەبدولقادری برا بچووکی محەممەد سدیق، پێکەوە لەگەڵ باوکی دوورخرابووەوە بۆ مەککە و لەوێ مایەوە تا کوودەتاکەی ساڵی ١٩٠٨ی تورکە لاوەکان دەرفەتی بۆ ڕەخساند کەوا لە ئەستەمبووڵ جێگیر ببێت. لێرە ناوبانگی بنەماڵەکەی ڕێز و شکۆیەکی زۆری بۆ دەستەبەر کردبوو لای کوردەکان هەر لە ئەریستۆکراتەکانەوە تا "پرۆلیتاریا" و کۆڵکێشی کورد. پاشان بە شوورای دەوڵەت دانرا (واتە ئەنجومەنی پیران یان سەناتی عوسمانی) و دواتر بوو بە سەرۆکی ئەو ئەنجومەنەش. هەروەها بوو بە سەرۆکی ڕەمزی یان یەکێک لە سیمبۆڵەکانی یەکەم کۆمەڵەی کوردی "کورد تەعاون وە تەرەقی جەمعییەتی"، کە لە هەمان ساڵدا لە ئەستەمبووڵ دامەزرا. ئەم ڕێکخراوە کورتخایەن بوو و هەر زوو هەڵوەشایەوە کاتێ کە ڕژێمی نوێ بەرەو تاکڕەوی وەرچەرخا، بەڵام پێگەی سەید عەبدولقادر وەک سەرکردە و ڕابەرێکی مۆراڵیی کۆمەڵگەی کوردی ئەستەمبووڵ هەر بە پارێزراوی و ڕێزلێگیراوی مایەوە.

  لە پاش کۆچی دوایی محەممەد سدیقی برای لە ساڵی ١٩١١دا، بۆ ماوەیەکی کورت گەڕایەوە بۆ نەهری بۆ فشار کردن لە سەر ئیددیعاکانی وەک جێگرەوەی براکەی بەڵام دواتر ملیدا بۆ تەهای دووەمی برازای، لە بەرانبەر ناردنی بەدەلێکی لیبراڵی لەو کاتەوە بە شێوەیەکی خولاو بۆ ئەستەمبووڵ.

  دوابەدوای جەنگی جیهانیی یەکەم، کاتێ کەوا ئایدیای مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەیی کە ویڵسنی سەرۆکی ئەمریکی ڕایگەیاندبوو دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو لە ناو دەستەبژێری گرووپە ئیتنیکییە جۆراوجۆرەکانی ئیمپراتۆرییەتدا، جارێکی تر سەید عەبدولقادر دەبینین لە سەرکردایەتیی کۆمەڵەیەکی کورددا بە ناوی "کورد تەعالیی جەمعییەتی". ئەمەیان لەوی پێشوو کاراتر بوو و کۆمەڵێکی تەواوی چالاکیی ڕۆشنبیری و خوێندنی جێبەجێ کرد. ئەندامەکانی ئەم ڕێکخراوە بیر و ڕای جۆراوجۆری بەرفراوانیان هەبوو لەبارەی ئەو بەرژەوەندییانەی کوردەوە کە پێویستە داکۆکییان لە سەر بکرێت. هەندێک بیریان لە دەوڵەتێکی کوردیی سەربەخۆ دەکردەوە و سەید عەبدولقادر سەرۆکایەتیی دەستە و کۆمەڵێکی دەکرد کەوا ئاستێک لە ناسەنتراڵییان لا پەسەند بوو بەڵام لە سەر بنەمای ئاینی و هەندێکی تر بەرهەڵستیی جیابوونەوەیان دەکرد لەوەی کە لە ئیمپراتۆرییەت مابووەوە١٥.

  دوابەدوای سەرکەوتنی کۆتایی کەمالییەکان، سەید عەبدولقادر هەڵنەهات بۆ دەرەوە وەک ئەوەی زۆربەی دەستە و تاقمە کوردییە جوداخوازەکان کردیان و بەڵکو هەر لە ئەستەمبووڵ مایەوە، بەڵام ئەم بڕیاری مانەوەیە بوو بە مایەی لەدەستدانی ژیانی خۆی و محەممەدی کوڕی. لە پاش یەکەم ڕاپەڕینی کورد لە تورکیای کۆماریدا، کە شۆڕشی ساڵی ١٩٢٥ی شێخ سەعید بوو، هەردوک باوک و کوڕ لەسێدارە دران، هەرچەندە لەوەدەچوو کە بەشدارییان لە شۆڕشەکەدا نەکردبێت، بەڵام کاریگەریی گەورەی سەید لە ناو کوردەکاندا بەرپرسیارێتیی خستبووە سەر شانی.  ئەوجا عەبدوڵڵای کوڕەکەی تری گەڕایەوە بۆ شەمدینان (کەوا سەید تەهای دووەمی سەرۆکی بنەماڵەکە چیتر لەوێ نیشتەجێ نەبوو) و بە هاوکاریی جەنگاوەرانی عەشیرەتی گەردی بۆ ماوەیەکی کورت گوندی ناوچیای داگیرکرد و شەش ئەفسەری تورکی کوشت و ئەوجا فرەی نەبرد و بەرەو باشوور هەڵات بۆ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا١٦.

  لە ساڵی ١٩٢٦دا مەسەلەی سنووری نێوان تورکیا و عێراق بە شێوەیەکی کۆتایی چارەسەر کرا و کەم تا زۆر ویلایەتی مووسڵی پێشووی عوسمانی کەوا کوردستانی باشووری دەگرتەوە خرایە سەر عێراق و ناوچەی شەمدینان لە سەر تورکیا مایەوە بەڵام ناوچەکانی تر کە برادۆست و بارزان بوون و زۆر نزیک و پەیوەست بوون پێیەوە، لەوە بەدوا بوون بە بەشێک لە عێراق. بەو پێیە نەهری خۆی لە سەر سنووری سێ دەوڵەت بینییەوە و لە هەر یەکێکیاندا ساداتی نەهری بەشێکی بەرچاو مڵک و زەویوزاریان هەبوو١٧. لە دەیەکانی دواتردا دەبینین کەوا ئەندامانی ئەم بنەماڵەیە تێکەڵ بە چالاکییە سیاسییەکان بوون لە عێراقدا و بە هەمان شێوە لە تورکیا و ئێرانیشدا.

 

سەید تەهای دووەم  (ساڵی ١٩٣٩ کۆچی دوایی کردووە)

سەید تەهای دووەم، کوڕی محەممەد سدیق مەراق و خولیای سیاسیی باپیری بۆ مابووەوە و دەیزانی چۆن بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆی بپارێزێت و لە هەمان کاتیشدا نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییەکانی کورد بکات وەک میللەت. ئەو لە پێش جەنگی جیهانیی یەکەم و لە کاتی جەنگەکەشدا چەندین جار پەیوەندیی بە ڕووسیاوە کرد و هەوڵی دەدا پشتگیرییان دەستەبەر بکات بۆ دەوڵەتێکی کوردی١٨. پێدەچێت ماوەیەکی باشی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕووسیادا بەسەربردبێت، چونکە ئەفسەرێکی بەریتانی کە دواتر لە عێراق چاوی پێکەوتبوو سەرنجی دابوو کەوا بە ڕووسییەکی باش قسەی دەکرد و هەروەها هەندێ فەرەنسیشی دەزانی (هەی ١٩٢١: ٣٥٣).

  لە پاش جەنگ کەمالییەکان، کە بەنیاز بوون کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا دەربێنن، پەیوەندییان پێوەکرد و پێشنیازی کورسییەکیان بۆ کرد لە ئەنجومەنی نیشتمانیی تورکیادا (پەرلەمان)، بەڵام ئەم باوەڕی وابوو کە بەرژەوەندی زیاتر لەوەدایە لەپێناوی سەربەخۆیی کورددا کار بکات. لە ساڵی ١٩١٩دا پەیوەندیی بە بەریتانییەکانەوە کرد لە عێراقدا و داوای پشتگیریی لێکردن بۆ پرۆژەیەکی لەو چەشنە و لەگەڵ سمکۆی سەرۆک خێڵی شکاکدا هێزیان یەکخست، کەوا سمکۆ ماوەی چەند ساڵێک بوو ناوچەیەکی بەرفراوانی کۆنترۆڵ کردبوو لە بەری ئێرانی سنوورەوە بە تەحەدایەکی تەواوەوە بۆ حکوومەتی ناوەندیی ئێران. لە پاش شکستخواردنی سمکۆ لە ئابی ١٩٢٢دا لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە، سەید تەها لە سنوور پەڕییەوە بەرەو عێراق و پاڵپشتیی خۆی بۆ بەریتانییەکان ڕاگەیاند لەدژی کەمالییەکان (کە تا ئەو دەمەش هێزیکی سەربازییان لە ڕەواندزدا بوو و لە هەوڵی ڕاکێشانی عەشیرەتەکانی ناوچەکەدا بوون بە لای خۆیاندا). بەریتانییەکان، کەوا تێڕوانینێکی ئەرێنییان بوو لە سەری و بۆ ماوەیەک بە هاوپەیمانێکی    پەسەند و جێمتمانەیان دادەنا زیاتر لە شێخ مەحموودی بەرزنجیی سلێمانی کە باوەڕ و متمانەیان پێنەبوو، بۆیە کردیانە قایمقامی قەزای ڕەواندز. لە پاش کۆتایی هاتنی ماوەی ماندێتی بەریتانیا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراقدا نێوانیان تێکچوو و لە ساڵی ١٩٣٢دا گەڕایە دواوە بۆ ئێران و لەوێ ڕەزا شا وەک دەستبەسەرێک لە تاران هێشتیەوە و هەر لەوێیش لە ساڵی ١٩٣٩دا بە نەخۆشییەکی تەمومژاوی کۆچی دوایی کرد١٩.

 

شێخ عەبدوڵڵا ئەفەندی و کۆڵۆنێڵ عەبدولعەزیز

  لە پاش ماوەیەکی کورتخایەنی یاخیبوونی لە شەمدیناندا، عەبدوڵڵای کوڕی سەید عەبدولقادر لە عێراقدا ژیا و عەبدولعەزیزی کوڕی ناردە کۆڵێجی سەربازی و ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بنەماڵەکە لەوێ گرفت و ئاستەنگی سیاسیی بۆ دروست نەبووە. بەڵام لە ساڵی ١٩٤١دا، باوکەکە لە سنوور پەڕییەوە بۆ ئێران و لە ناوچەی مەرگەوەڕ نیشتەجێ بوو کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای ورمێوە و بنەماڵەکە لەوێ مڵک و زەوییەکی بەرفراوانیان هەبوو٢٠. دواتر عەبدولعەزیز بوو بە ئەفسەرێکی عێراق و لە دوای ساڵی ١٩٤٥ پێکەوە لەگەل ژمارەیەک ئەفسەری تری کورددا پەیوەندییان پەیداکرد لەگەڵ بازنە نەتەوەییەکانی کورددا.

  هەردوک شێخ عەبدوڵڵا و شێخ عەبدولعەزیز ڕۆڵێکی چالاکیان گێڕا لە کۆماری مهابادی کورتخایەنی کوردیدا (ساڵی ١٩٤٦)، هەرچەندە ڕۆڵی سەرکردایەتیشیان نەبینی. عەشیرەتەکانی ناوچەکە شێخ عەبدوڵڵایان وەک سەرکردەیەک پێباشتر و پەسەندتر بوو، بەڵام نەتەوەییە شارستانییەکان قازی محەممەدیان هەڵبژارد وەک سەرۆکی حیزبی دیموکراتی کوردستان و سەرکۆمار. (شێخ عەبدوڵڵا بە کەسێکی سەر بە بەریتانیا لەقەڵەم دەدرا، بۆیە نە گەنجە نەتەوەییەکانی مهاباد ئەمەیان پێخۆش بوو نە ڕووسەکانیش کە فاکتەرێکی هەمیشەیی بوون لە پشتەوە). شوێنکەوتووە چەکدارەکانی شێخ تەنها دەستە و تاقمێکی بچووکیان پێکدەهێنا لە ‌ێزە چەکدارەکانی کۆمار. ئەم تەریکی و دوورەپەرێزییەی شێخ عەبدوڵڵا وایکرد کە پێگە و کاریگەریی خۆی بپارێزێت لە پاش شکستخواردنی کۆمار لە سەر دەستی سوپای ئێران، بەپێچەوانەی قازی محەممەدەوە کە لەسێدارە درا و مەلا مستەفای بارزانیی سەرکردەی سەربازییەوە، کە دەبوو شەڕ بکات لە ڕێگایدا بەرەو تاراوگە لە یەکێتیی سۆڤیێتدا. شێخ عەبدوڵڵا تەنانەت وەک نێوەندگیریش کاری دەکرد لە دانوستانی نێوان سوپای ئێران و پیاوانی عەشیرەتی بارزانیدا کە بەرەو سنوور بەڕێوەبوون.

  عەبدولعەزيز، کە سەرباری هەموو شتێکی تر هەڵاتوویەکی سوپای عێراق بوو، چووە پاڵ مەلا مستەفا و پیاوەکانی لە ڕێگەیاندا بەرەو یەکێتیی سۆڤیێت و دوو ساڵی نیشتەجێبوونی لە سیبیریادا بەسەربرد بە دەسبەسەری و وەک کرێکار لە کارگەکاندا کاری دەکرد بەڵام لە سەردەمی هێوربوونەوەی ستالیندا توانی لە لینینگراد بخوێنێت. ئەوجا لە پاش کوودەتاکەی قاسم لە ساڵی ١٩٥٨دا لەگەڵ بارزانیدا گەڕایەوە بۆ عێراق و جارێکی تر کەوتەوە چالاکی نواندن لە بواری سیاسیی نەتەوەیی (ناسیۆنالیستیی) کوردیدا. ئەو وەک ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو بە لایەنگری ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی لەو ناکۆکی و ململانێیەدا کە کە سەرەتاکانی ١٩٦٠کان بەملاوە جووڵانەوەکەی لەتکرد. لە ساڵی ١٩٦٤دا بارزانی بەندی کرد و شێخ عەبدوڵڵا تەواوی دەسەڵات و کاریگەریی خۆی بەکارهێنا لای دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ فشار کردن لە بارزانی لەپێناوی بەردانی عەبدولعەزیزدا و ئیتر لەو کاتەوە ناوبەناو لە ورمێ (ڕەزائییە) یان لە دوا گوندی بنەماڵەکە لە مەرگەوەڕ نیشتەجی بوو٢٢.

گەیلانی لە توركیا

  لە ناو سنووری تورکیادا، هەندێ لە ئەندامانی لقێکی جیاوازی ئەم بنەماڵەیە بەم دواییە لە سیاسەتی لۆکالی و نیشتمانیدا دەرکەوتوون. نەعیم گەیلانی پارێزەرێک بوو لە هەکاری و لە سەروەختێکی ساڵانی ١٩٨٠کاندا لە ڕێگەی پارتی دایکی نیشتمانەوە (ئەنەپە ANAP) بوو بە ئەندامی پەرلەمان. حەمید گەیلانیی ئامۆزاشی، کە ئەمیش پارێزەر بوو، چالاک بوو لە حیزبە سیاسییەکانی سەر بە کورددا لە ساڵانی ١٩٩٠کاندا، کە (هەپHEP  و دەپ DEP  و هادەپ HADEP) بوون، لە سەرەتادا لە کۆمیتەی ناوچەی    شەمدینانەوە و دواتریش لە سەر ئاستی نیشتمانی. هەردوک ئەم دوو کەسە دەچنەوە سەر لقێکی بنەماڵەکە کە چوار پشت لە سەرووی مەلا حاجییەوە لە هێڵی "ناوەندیی" جیابووەتەوە، کەوا گەورە باپیری ڕاستەوخۆیانە وەک لە ڕەچەڵەکی هاوپێچی بنەماڵەکەدا دەردەکەوێت و بەو پێیە ئەوان تەنها لە دوورەوە پەیوەست دەبن بەو شێخانەوە کە ڕابەرایەتی و سەرکردایەتیی بنەماڵەکە و کۆنترۆڵی بناغە ئابوورییەکەیان کردووە٢٣.

 

هێڵکارییەکی لقی "ناوەندیی" بنەماڵەکە و ڕەچەلەکی ساداتی نەهری

عەبدولقادر گەیلانی

‌ا

عەبدولعەزیز

ا

ئەبوبەکر

ا

حەیدەر

ا

ا

ا

مەلا حاجی

ا

ئیبراهیم

ا

مەلا ساڵح

ا

___________

                سەید عەبدوڵڵا                           سەید ئەحمەد

                                                                  ا

        __________________________________________

موحەممەد         سەید تەها١          عەبدولحەکیم               ساڵح

                           ا                

        _________________________________

عەلائەدین           عوبەیدوڵڵا                     مەحموود

                              ا

    _____________________________________               

محەممەد سدیق                                    عەبدولقادر    

        ا                                                             ا

________________________                    ______________

سەید تەهای ٢   موسڵیح                شەمسەدین           عەبدوڵڵا ئەفەندیی

        ا                                                       گەیلانیزادە    موحەممەد

        ا                                                           ا                   ا

        ا                                                           ا           خزر گەیلانی

        ا                               _______________________
        ا                               عەبدولعەزیز شەمزینی    عەبدولقادر                         

محەممەد سدیق ٢ 

"شێخ پوشۆ"

 

پەراوێز

1. Nikitine 1925b: 156-7; 1956: 211-4.

٢ -  بڕوانە مارتن ڤان بروونەسن ... زۆربەی ناوەکان لەم سیلسیلەیەدا ناتوانرێت دەستنیشان بکرێت، لەوانەی کە پشتگیریی گومانەکانی ئێمە دەکەن لەبارەی مێژووسازیی ئەم پێکەوە گرێدانەی یەکەم سەدەکان لە دوای سەردەمی ژیانی شێخ عەبدولقادری (گەیلانییەوە). بەهەرحاڵ، ناوەکانی یەکەم یەکەم حەوت یان هەشت نەوە یان پشت هاوشێوەن لەگەڵ تەواوی ئەو سیلسیلە سەربەخۆیانەی قادری کە لەلایەن بورتۆنەوە باس کراون لە کتێبەکەیدا "حەج Pilgrimage".

3. There is a similar chart in Nikitine 1925b: 156 and again 1956: 213, which shows a number of collateral branches as well. See also the charts in Bruinessen 1992: 321, 329 - 331 and Yalçin - Heckmann 1991: 296. 

 چارت یان ڕەچەڵەکنامەی هاوشێوە هەیە لە کتێبەکەی نیکیتیندا.... کە ئەمیش ژمارەیەک لقی هاوشێوە پیشاندەدا. هەروەها بڕونە چارت یان ڕەچەڵەکنامەکان لەمانەی خوارەوە ....

4. This development is analysed in Bruinessen 1992: 224 - 34.

٥ -  بڕوانە یاڵچین هەکمان ١٩٩١: ٥٧ - ٦١ بۆ باسێکی دوا ساڵەکانی نووروڵڵا، بە زۆری بەو بەڵگەنامە عوسمانییانە دەبەستێ کە لە لایەن نەزمی سەڤگەنەوە بڵاوکراونەتەوە.

6. Yalçin - Heckmann 1991: 63, after the Yurt Ansiklopedisi.   

٧ - گەممەر ١٩٩٤: ٢٥١. شێخ شامیل و و عولەما چالاکەکانی تری باکووری قەوقاز، وەک شێخ سەید تەها، پەیوەست بوون بە ڕێبازی نەقشبەندیی - خالیدییەوە.

٨ - مادە ٥١ی پەیماننامەی بەرلین، کە لەنێوان زلهێزە ئەوروپییەکان و ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا مۆرکراوە لە پاش جەنگی ڕووسیا و عوسمانی بابی عالی پابەند کردووە بەەوەی کە "بێ دواکەوتنی زیاتر ئەو چاکسازی و ڕیفۆرمانە جێبەجێ بکات کە داواکاریی ناوخۆییە لەو ویلایەتانەدا کە ئەرمەن تێیاندا نیشتەجێن ە ئاسایش و ئارامییان مسۆگەر بکرێت دژ بە چەکەسی و کوردەکان" (جوەیدە ١٩٦٠: ٢٨٢ن). هاتنی کونسوڵە سەربازییەکانی بەریتانیا  ناوچەکە لە لایەن زۆرێک لە کوردەکانەوە  وەک دەستێوەردانێکی ڕاستەوخۆ لێکدەدرایەوە لێکدەدرایەوە.باس وایە کەوا عەبەیدوڵڵا لە ساڵی ١٨٨٠دا بە ئەفسەرێکی تورکی وتبیت کەوا: " ئەمە چییە من دەیبیستم کەوا ئەرمەنەکان بەدەستیانەوەیە دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە واندا دروست بکەن و نەستوورییەکان ئاڵای بەریتانیا بەرز دەکەنەوە و خۆیان وەک ڕەعییەتی بەریتانیا ڕاگەیاندووە. من هەرگیز ڕێ بەمە نادەم، تەنانەت ئەگەر ژنانیشم خستووەتە ژێر باری چەک هەڵگرتنەوە" (بەو پێیەی کە ڕاپۆرتێک گوێزراوەتەوە بۆ کتێبەکەی جوەیدە ١٩٦٠: ٢٣٣).

٩ - خەمڵی قەبارەی ئەم هێزانە لە لایەن چاودێرانی هاوچەرخەوە (بە ورد و درشتی لە کتێبەکەی جوەیدەدا تۆمار کراوە، جوەیدە ١٩٦٠: ٢٦٠ - ٢٦٥) بە شێوەیەکی بەرچاو جیاوازن. گەورەترین ژمارەیان لە هەندێ شوێن لە نێوان ١٠ - ٤٠ هەزار پیاوە بەڵام لە ماوەی هێرشەکەدا کەمبووەتەوە بۆ ١٥٠٠، چونکە ڕێکوڕەوان پیاوەکان گەڕاونەتەوە بۆ گوندەکانیان.

١٠ - تاقە سەرچاوە کە باسی لەم فەتوایە کردبێت پێدەچێت ویڵسن بێت (ویڵسن ١٨٩٥: ١١١). سبڵاخی کوردنشین و میاندوابی ئازەرینشین دوو شارۆچکەی دەراوسێن  و مێژوویەکی ناکۆکی و ململانێیان هەبووە، بۆیە ڕەنگە پاشخانی فەتواکە پەیوەندیدار نەبووبێت بە    شەڕ و داگیرکردنەکە شێخ عوبەیدوڵڵاوە. بەهەرحاڵ، ئەوە شێخ عەبدولقادر بووە کە فەرماندەی هێزە داگیرکەرە کوردییەکە بووە لە ناوچەی سابڵاخدا و ئەو بووە کە بڕیاری هێرش کردنی داوە بۆ سەر میاندواب.

١١ -  بەو پێیە ئابۆتی کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە تەبرێز و خریمیانی پاتریارکی پێشتری ئەرمەن ، لەو نامە و ڕاپۆرتانەدا کە لە کتێبەکەی جوەیدەدان (جوەیدە ١٩٦٠: ٢٣٩ - ٢٤٧). ئەوان لەبارەی "کۆمەڵەیەکی کوردەوە" نووسیویانە کە لە لایەن شێخەوە دروستکراوە بە هاندانی حکوومەت. ترۆتەر، کونسوڵێکی تری گشتی بەریتانیا بووە لە وان، بەتوندی ئایدیای تێوەگلانی عوسمانی ڕەتکردووەتەوە. هەڵبەت دەبێت ئەوە لەبیر نەکرێت کە شتێک نەبووە وەک حکوومەتی عوسمانی. چونکە خودی ئیدارە و سوپاش هەردوکیان گرفتاری ناکۆکی و ململانێ بووبوون و سوڵتان بەردەوام هاوسەنگیی ئەم تاقمی دژ بەویتر ڕادەگرت و دژ بە سەرۆک و پیاوماووڵە لۆکاڵییەکانیش (بڕوانە دوگوید ١٩٧٣).

١٢-  باشترین لێکۆڵینەوە لە سەر یاخیبوونەکەی عوبەیدوڵڵا لە دۆخ و سیاقی ناوخۆ و نێودەولەتیدا کارەکەی جوەیدەیە (جوەیدە ١٩٦٠: ٢١٢: ٢٨٩)، کە من لێرەدا بەزۆری پشتم پێبەستووە. بۆ دید و بۆچوونێکی تر، بڕوانە (جۆزیف ١٩٦١: ١٠٧ – ١١٣).

13. Wigram & Wigram 1914: 163. 

١٤ - هەمان سەرچاوە. بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵدەرەکانی ئەردۆست، شێخ زۆربەی داهاتەکانی لە کڕینی زەویوزاردا بەکاردەهێنا (ئەردۆست ١٩٧١: ١٨٤ - ١٨٦).

١٥ - لەبارەی ئەم ڕێکخراوە کوردییانەوە، ئاڕاستە ئایدیۆلۆجییە جۆراوجۆرەکان لەبارەیانەوە و لەبارەی ڕۆڵی سەید عەبدولقادرەوە، بڕوانە (بروونەسن ١٩٩٢: ٢٧٥ - ٢٧٩؛ ئۆڵسن ١٩٩٦ [١٩٩١]: ١٣٦: ١٣٩).

16. Erdost 1987: 49-61.

١٧ -  لیست کردنێکی  ورد و لەگەڵ ئەوەشدا ناتەواو بۆ مڵک و زەویوزاری ساداتی نەهری لە لایەن ئەردۆستەوە دراوە (ئەردۆست ١٩٧١: ١٨١ - ١٨٥).

 ١٨ - ئیگڵتن (١٩٦٣) باس لە سەردانێک دەکات بۆ ڕووسیا لە سەرەتای ساڵی ١٨٨٩دا، بە یاوەریی دوو کوردی ناودار، کە عەبدولڕەزاق بەدرخان و جەعفەر ئاغای خێڵی شکاک. بەهەرحاڵ، ئەمە دەبێت  هەڵە بووبیت ، چونکە عەبدولڕەزاق بەدرخان لە ساڵی ١٨٩٢ یان ئەو دەوروبەرەدا لەدایکبووە و جەعفەر ئاغاش لە ساڵی ١٩٠٥دا کوژراوە و کەواتە مەحاڵە ئەم دووانە پێکەوە سەردانی ڕووسیایان کردبێت. لە دوادوایی ساڵی ١٩١٧دا سەید تەها نامەیەکی ناردووە بۆ باسیل نیکیتینی کونسوڵی ڕووسیا لە ورمێ، کە تێیدا داوای چاوپێکەوتنی کردووە لە گەڵ دەستەی ئەرکانی سەربازیی ڕووسیادا بۆ گفتۆگۆ کردنی کاری هاوبەش دژ بە سوپای تورکیا (نیکیتین ١٩٥٦: ١٩٥).                                                 

19. On Sayyid Taha II, see: Wigram & Wigram 1914: 165 -7; Hay 1921: 352 - 4; Edmonds 1957: 305 - 8; Eagleton 1963: 7, 18; Erdost 1987: 44 - 8; Bruinessen 1992: 330 - 1; Yalçin - Heckmann 1991: 65 - 7.

٢٠ - ئیگڵتن ١٩٦٣: ١٨ - ٢٠. لە گێڕانەوە کورتەکەی ئیگڵتندا ڕوون نییە ئاخۆ ئەم گواستنەوەیە لە کاردانەوەی کوودەتاکەی ڕەشید عالیدا بووە لە عێراق و لە ساڵی ١٩٤١دا یان هۆکاری تری هەبووە.

٢١ - تێکڕا هێزەکانی کۆمار لە نزیکەی دوو هەزار جەنگاوەری قاڵبووی عەشیرەتی بارزانی  (لە عێراقی دەراوسێوە) و زیاد لە لە دە هەزار جەنگاوەری سوارەی عەشیرەتە کوردەکان پێکهاتبوو. لە نێو ئەم دە هەزارەی دواییاندا تەنها دووسەدیان شوێنکەوتووی بنەماڵەی شێخ عەبدوڵڵا گەیلانی بوون، بە فەرماندەیی سەید فەهیم (ئیگلتن ١٩٦٣: ٩١ - ٩٢). وەک گریمانە عەبدولعەزیز وەک ئەفسەرێک لە سوپای مهاباددا خزمەتی کردووە (بڕوان کەهن ١٩٨٠: ١٤١، کە بەهەڵە ناوی عەڤدیلای لێنرابوو).

٢٢ -  کەهن ١٩٨٠: ١٤٠ - ١٤٦. مڵک و زەویوزاری بنەماڵەکە لە ڕیفۆرمی شادا بۆ زەویوزار لە سەرەتای ساڵانی ١٩٦٠کاندا دەستیان بەسەردا گیرا بەڵام شێخ عەبدوڵڵا توانی بە کڕین گوندێک بەتەواوی بگێڕێتەوە.

٢٣ - پەیوەندیی شەخسی لە لایەن لالە یاڵچین -  هەکمانەوە، لە سەر بناغەی سەجەرەیەکی ڕەچەڵەکی بنەماڵەکەوە کە لە لایەن حەمید گەیلانییەوە بۆ کۆپی کراوە. نەعیم و سەید ئیسلام گەیلانیی باپیری حەمید، بە موزەفەر یەردۆستیان وتووە کەوا ئەو وەک وەکیل و سەرکاری (هەندێک) لە زەوییەکانی شێخ موحەممەد سدیق کاری کردووە سەرپەرشتیی تووتن چاندنی قازانجبەخشی کردووە لە بەرانبەر نزیکەی ٨% ی قازانجی بەروبوومەکەدا (ئەردۆست ١٩٧١: ١٨٣).

 

Bibliography بایۆگرافی                                                         

BRUINESSEN, Martin van 1992. Agha, shaikh and state: the political structures of Kurdistan. London: Zed Books.

ئاغا و شێخ ودەوڵەت: پێکهاتە سیاسییەکان لە کوردستاندا ....

        — 1997. “Shamdinan”, Encyclopaedia of Islam, new edition, vol. IX, 282-3.

"شەمدینان"، ئینسکلۆپیدیای ئیسلام ....

        — 2000. “Shaykh `Abd al-Qadir al - Jilani and the Qadiriyya in Indonesia”,              Journal for the History of Sufism (Istanbul) vol.1.

شێخ عەبدولقادر ئەلجیلانی و قادرییە لە ئیندۆنیسیادا ....

ÇEVIK, Süleyman (ed) 1998. Serokê KTCê Seyid Evdilqadir [special issue (no 65) of Kurdish monthly Nûbihar, Istanbul].

سەرۆکێ  KTCê سەید عەڤدلقادر  [گۆڤاری نوبەهاری مانگانە....]                     

DICKSON, Bertram 1910. “Travels in Kurdistan”, The Geographical Journal 35, 357 379. گەشت لە کوردستاندا...                                   

DUGUID, S. 1973. “The politics of unity: Hamidian policy in Eastern Anatolia”, Middle Eastern Studies 9, 139 156.

سیاسەتی یەکگرتن: سیاسەتی حەمیدی لە ئەنەدۆڵی ڕۆژهەڵاتدا ....

EAGLETON, William 1963. The Kurdish republic of 1946. London: Oxford University Press.کۆمارە کوردییەکەی ساڵی ١٩٤٦ ....                                    

EDMONDS, C. J. 1957. Kurds, Turks and Arabs: politics, travel and research in north eastern Iraq, 1919 1925. London: Oxford University Press.

کوردو تورک و عەرەب: سیاسەت و گەشت و لێکۆڵینەوە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی عێراقدا، ١٩١٩ - ١٩٢٥ ....

ERDOST, Muzaffer [Ilhan] 1971. “Semdinli asiretlerinde üretim iliskileri”پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان لای خێڵەکانی شەمدینلی, in: M. ERDOST, Türkiye üzerine notlar. سەرنج لە سەر تورکیا  Ankara: Sol Yayinlari, pp. 162 203.

        — 1987. Semdinli röportaji. ڕیپۆرتاجی شەمدینلی  Istanbul: Onur Yayinlari.

GAMMER, Moshe 1994. Muslim resistance to the Tsar: Shamil and the conquest of Chechnia and Daghestan. London: Frank Cass.

بەرهەڵستیی موسلمانان بۆ تسار: شامیل و داگیرکردنی چێچنیا و داغستان ...

HAY, W.R. 1921. Two years in Kurdistan: experiences of a political officer 1918 1920. London: Sidgwick & Jackson.

دوو ساڵ لە کوردستاندا: ئەزموونی ئەفسەرێکی سیاسی  ١٩١٨ - ١٩٢٠ ....

JOSEPH, John 1961. The Nestorians and their Muslim neighbors. Princeton University Press.

نەستۆرییەکان و دەراوسێ موسڵمانەکانیان ....

JWAIDEH, Wadie 1960. The Kurdish nationalist movement: its origins and development. Unpublished Ph.D. thesis, Syracuse University.

بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد: ڕەگوڕیشە و پەرەسەندنەکانی ....

KAHN, Margaret 1980. Children of the jinn: in search of the Kurds and their country. N. p.: Seaview Books.

ڕۆڵەکانی جن: گەڕان بە دوای کورد و وڵاتەکەیاندا ....

MACKENZIE, D.N. 1962. “A Kurdish creed”, dans: A locust’s leg: studies in honour of S.H. Taqizadeh. London: Percy Lund, Humphries & Co., pp. 162 170.

"باوەڕێکی کوردی": قاچە کوللەیەک : توێژینەوە بۆ ڕێزلێنانی س. ج. تەقیزادە...    MARGOLIOUTH, D.S. 1907. “Contributions to the biography of `Abd al-Qadir of Jilan”, Journal of the Royal Asiatic Society, 267 - 310."بەشداری لە ژیاننامە (بایۆگرافیی) عەبدولقادری جیلاندا" ....

        — 1974. “Kadiriyya”, Encyclopaedia of Islam, new edition, vol. IV, 380 - 3.

MAUNSELL, F.R. 1901. “Central Kurdistan کوردستانی ناوەڕاست ”, The Geographical Journal 18, 121 144. گۆڤاری جوگرافی .....            

NIKITINE, Basile 1925a. “Les thèmes religieux dans les textes kurdes de la collection de B. Nikitine, ancien consul de Russie à Ourmiah”, Actes du congrès international de l’histoire des religions, tenu à Paris en octobre 1923, tôme II, 415 434. Paris: H. Champion.

"بابەتە ئاینییەکان لە دەقە کوردییەکاندا لە کۆمەڵەکەی ب. نیکیتینی کونسوڵی پێشووی ڕووسیا لە ورمێ"... تۆمارەکانی کۆنگرەی نێودەوڵەتیی مێژووی ئاینەکان ...

        — 1925b. “Les Kurdes racontés par eux - mêmes”, L’Asie française no.                    231, 148 - 157.

"کوردەکان خۆیان دەڵێن"، گۆڤاری ئاسیای فەرەنسی ....

        — 1926 - 28. “Kurdish stories from my collection”, Bulletin of the School of               Oriental Studies 4, 121 - 138.

"چیرۆکە کوردییەکان لە کۆمەڵەکەمەوە"، گۆڤاری خوێندنگەی لێکۆڵینەوە ڕۆژهەڵاتناسییەکان ...

        — 1956. Les Kurdes: étude sociologique et historique. Paris: Klincksieck.

کوردەکان: لێکۆڵینەوەیەکی سۆسیۆلۆجی و مێژوویی ....

NIKITINE, Basile & E.B. SOANE 1923. “The tale of Suto and Tato: Kurdish text with translation and notes”, Bulletin of the School of Oriental Studies 3, 69 106.

چیرۆکی سوتۆ و تاتۆ: دەقی کوردی لەگەل وەرگێڕان و باری سەرنجدا...

OLSON, Robert 1991. “Five stages of Kurdish nationalism: 1880 1980”, Journal of Muslim Minority Affairs 12 no.2, 391 409 [reprinted in R. OLSON, Imperial meanderings and republican by ways, Istanbul: The Isis Press, 1996, pp. 127 146].

"پێنج قۆناخی ناسیۆنالیزمی کوردی" ....

TALAY, Aydin 1988. Bizim eller: Van.دەستەکانمان: ڤان  Istanbul (privately printed).

TRIMINGHAM, J. Spencer 1971. The sufi orders in Islam. London: Oxford University Press. ڕێبازە سۆفیگەرییەکان لە ئیسلامدا....                  

WIGRAM, W.A. and E.T. A. WIGRAM 1914. The cradle of mankind: life in eastern Kurdistan. London: Adam and Charles Black.

لانکەی مرۆڤایەتی: ژیان لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا.....  

WILSON, Samuel G. 1895. Persian life and customs. New York: Fleming H. Revell Company. ژیان و دابونەریتی وڵاتی فارس ...                              

YALÇIN HECKMANN, Lale 1991. Tribe and kinship among the Kurds. Frankfurt am Main: Peter Lang. خێڵ و خزمایەتی لە ناو کوردەکاندا...      

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×