لەتیف رەشید بە سەرۆككۆماری نوێی عێراق هەڵبژێردرا
  2022-10-13       916       

كەمێك لەمەوبەر لەتیف رەشید، بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران لە گەڕی دوەمی دەنگداندا، بە سەرۆككۆماری نوێی عێراق هەڵبژێردرا.

ئاوێنە: لەتیف رەشید بە بەدەستهێنانی 162 دەنگی پەرلەمانتاران لە كۆی 242 پەرلەمانتاری ئامادەبو لە گەڕی دوەمی دەنگداندا، وەك سەرۆككۆماری نوێی عێراق هەڵبژێردرا.

بەرهەم ساڵح لە گەڕی دوەمدا تەنها 99 دەنگی بەدەستهێناو بەر لە كۆتاییهاتنی پڕۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان باڵەخانەی پەرلەمانی جێهێشت.

د.لەتیف رەشید کێیە؟

-ناوی سیانی: عەبدوللـەتیف جەمال رەشید
-لە دایكبوی: سلێمانی: 10/8/1944
- بەكالۆریۆس لە ئەندازیاری/ 1968 - زانكۆی لیڤەرپوڵ - بەریتانیا.
- ماجستێر/ 1972 - زانكۆی مانچستەر - بەریتانیا.
- دكتۆرا لە ئەندازیاری/ هیدرۆلیكی ئاو/ 1976 - زانكۆی مانچستەر - بەریتانیا.
- لە زانكۆی ئەكستەری بەریتانیا پلەی پرۆفیسۆری فەخری لەساڵی 2020 پێبەخشراوە.
- مامۆستا لە كۆلێجی ئەندازیاری - زانكۆی سلێمانی 1969 - 1971.
- ئەندازیار لە كۆمپانیای راوێژكاریی (سیرۆلیام هالكر و هاوبەشەكانی) لە لەندەن 1975 - 1976.
- سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ئاودێری و گەشەپێدان لە عەرەبستانی سعودی 1977.
- كاركردن لە پڕۆژەكانی ئاودێری لە سۆماڵ 1979 - 1981.
- بەڕێوەبەری پڕۆژەی نێودەوڵەتیی خۆراك و كشتوكاڵ - پڕۆژەی گەشەپێدانی كشتوكاڵی لە "دۆڵی توبان" لە یەمەن 1981 - 1982.
- ئەندازیار لە رێكخراوی نێودەوڵەتیی خۆراك و كشتوكاڵ لە بەنداوی "دۆڵی جیزان و تۆڕی ئاودێری" لە سعودیە 1982 - 1983.
- بەڕێوەبەری پڕۆژە لە رێكخراوی نێودەوڵەتیی خۆراك و كشتوكاڵ بۆ پێشخستنی "دۆڵی جیزان" لە سعودیە 1983 - 1986.
- راوێژكاری ئەندازیاری لە بانكی نێودەوڵەتی لەدوای ساڵی 1986ەوە.
- هاوڕێی پەیمانگەی ئەندازیارە شارستانییەكان لە بەریتانیا.
- ئەندام لە دەستەی نێودەوڵەتی بۆ ئاو و ئاودێری.
- سەرۆكی دەستەی نێودەوڵەتی بۆ ئاودێری و جۆگە لە عیراق.
- ئەندامی كۆمەڵەی ئەندازیارە عیراقییەكان.
- ئەندام لە چەندین كۆمەڵە و كۆڕبەندی زانستی دیكە.


*بەرهەم چاپكراو و توێژینەوە:
- كتێبی (بەروبوومە ئاوییەكان لە عیراق) - 2017.
- كتێبی (وتارە سیاسییەكان) - 2018.
- بڵاوكردنەوەی ژمارەیەك توێژینەوەی زانستی بە هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی.

 

* چالاكییە سیاسییەكان:
- ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەرەتای شەستەكانی سەدەی رابردوو.
- ئەندام و سەركردە لە كۆمەڵەی خوێندكارانی كورد لە ئەوروپا.
- بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكانی تایبەت بە دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
- نێردراوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەریتانیا.
-  نوێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ژمارەیەك وڵاتی ئەوروپا.
- بەشداریكردن لە كۆنگرەكانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی.
- ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكاری كۆنگرەی نیشتمانیی عیراقی، كە نوێنەرایەتیی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی دەكرد.
- رێكخستن و بەشداریكردن و ئیدارەدانی چالاكییەكانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی بۆ ناساندنی تاوانەكانی رژێمی بەعس بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هاوكات بۆ هاوئاهەنگیی كاروبارەكانی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان.
- لەدوای پێكهێنانی كۆنگرەی نیشتمانیی عیراقی، وەكو ئەندامی سەركردایەتیی لە ساڵانی نێوان 1992 - 2003 هەڵبژێردرا.

* پۆستەكان:
- وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عیراق 2003 - 2010.
- راوێژكاری پێشكەوتووی سەرۆك كۆماری عیراق 2010 - 2018.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×