ئەمریكا بۆ سەركردە عێراقییەكان: خواستی خەڵكتان لەبیربێت
  2022-10-14       375       

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پێشوازی لە هەڵبژاردنی د.لەتیف رەشید بە سەرۆككۆماری عێراق دەكات و داواش لەو سەركردە سیاسییە عێراقییانە دەكات كە حكومەتی نوێی وڵاتەكە پێكدەهێنن، خواستی خەڵكیان لەبیربێت و وەڵامدەرەوەی پێداویستییەكانیان بن.

ئاوێنە: نێد پڕایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا وتی، لەدوای زیاتر لە ساڵێك دانوستان بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئەمریكا پێشوازی لە هەڵبژاردنی د.لەتیف رەشید بە سەرۆككۆماری عێراق دەكات.

ئەوەشی خستۆتەڕو، سەرۆككۆماری هەڵبژێردراو، محەمەد شیاع سودانی وەك سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت دیاریكردوە، ئێمە هانی ئەو سەركردە سیاسییانە دەدەین كە حكومەتی نوێ پێكدەهێنن، خواستی عێراقییەكان لەبیربێت كە دەنگیان بۆ حكومەتێك داوە بۆ ئەوەی وەڵامدەرەوەی پێداویستییەكانیان بێت.

هەروەها راشیگەیاندوە كە ئەمریكا هانی سەرجەم لایەنەكان دەدات بۆ دوركەوتنەوە لە توندوتیژی و چارەسەركردنی ناكۆكییەكان بەشێوەیەكی ئاشتیانەو لە رێگەی پڕۆسەی سیاسییەوە.

نێد پڕایس وتوشیەتی، ئەمریكا جەخت دەكاتەوە لەسەر پابەندبونی بە شەراكەتی لەگەڵ گەل و حكومەتی عێراقدا بۆ ئەنجامدانی ئەولەویەتە هاوبەشەكانمان و پەرۆشین بۆ بەردەوامی هاریكاری بەهێزی نێوان هەردو وڵات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×