سەدر: هیچ كەسێكی سەربە ئێمە بەشداری لەم حكومەتەدا نەكات
  2022-10-15       523       

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، رایگەیاند، حكومەتێكی ئیئتیلافی شوێنكەوتەو میلیشیایی، خواستەكانی گەل ناهێنێتەدی و دەشڵێت، بەشداریكردنی هەر كەسێكی سەربە ئێمە لەو حكومەتەدا رەتدەكەینەوە. پێشنیاریش دەكات "عێراق نەكرێتە بوكەڵەی دەستی ئەجێندا دەرەكییەكان."

ئاوێنە: ساڵح محەمەد عێراقی، ناسراو بە وەزیرەكەی سەدر، ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا لەزاری موقتەدا سەدرەوە وتویەتی"ئەو حكومەتەی پێكدەهێنرێت، حكومەتێكی ئیئتیلافی شوێنكەوتەو میلیشیایی تاقیكراوەیەو خواستەكانی گەل ناهێنێتەدی و لەگەڵ بنەمای كەسی ناقیكراوە نابێت تاقی بكرێتەوە، یەكناگرێتەوە."

سەدر وتوشیەتی"راسپاردەی ئێمە ئەوەیە كە عێراق نەكرێتە بوكەڵەی دەستی ئەجێندا دەرەكییەكان و چەك نەدرێتە دەست، دەستە كۆنترۆڵ نەكراوەكان و پارەی گەلیش نەخرێتە نێو گیرفان و بانكەكانی گەندەڵكاران."

جەختیشی كردۆتەوە كە "بەهەمو شێوەیەك رەتیدەكەینەوە هیچ شوێنكەوتو و كەسێكی سەربە ئێمە بەهەر پاساوێك بەشداری لە پێكهاتەی ئەم حكومەتەدا بكات كە كاندیدی ئێستای راسپێردراو بۆ سەرۆك وەزیران سەرۆكایەتی دەكات و ئەوان و دەسەڵاتدارە گەندەڵەكانیان هیچیان پێ نییە جگە لە شكاندنی شكۆی ئەم نیشتمانەو لاوازكردنی لەبەرامبەر گەلانی دیكەدا."

هەروەك دوپاتیشیكردۆتەوە كە "هەر كەسێك لە وەزارەتەكانی ئەم حكومەتەدا بەشداری بكات لەبەر هەر هۆكارێك بێت، بەهیچ شێوەیەك نوێنەرایەتی ئێمە ناكات و بە دەركراو لە رەوتی سەدر دەزانرێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×