"پێدەچێت سودانی بەبێ پڕكردنەوەی دو پۆستی وەزاری، كابینەی حكومەتەكەی پێشكەش بكات"
  2022-10-19       723       

عەقیل ردێنی، سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، بەهۆی بونی بوچۆنی جیاواز لەنێو سەركردەكانی چوارچێوەدا، پێدەچێت محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، پێكهاتەی كابینەكەی بەبێ پڕكردنەوەی دو پۆستی وەزاری، لە دانیشتنی داهاتوی پەرلەماندا پێشكەش بكات.

ئاوێنە: عەقیل ردێنی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی "بەغداد ئەلیەوم" رایگەیاند،  جیاوازی بۆچون لەنێو سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا هەیە ئەوەش شتێكی ئاساییە، چونكە چوارچێوەی هەماهەنگی یەك لایەنی سیاسی نییە بەڵكو لە چەند لایەنێك پێكهاتوە كە هەریەكەیان شایستەی هەڵبژاردنی خۆی هەیە.

جەختیشی كردۆتەوە كە كێشەو ناكۆكی قوڵ لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگیدا بونیان نییەو ئەوەی هەیە تەنها جیاوازی بۆچونە.

وتوشیەتی، پێدەچێت بەبێ پڕكردنەوەی دو پۆستی وەزاری دەنگ لەسەر كابینەكەی سودانی بدرێت و دەنگدان لەسەر ئەو دو پۆستە دوابخرێت بۆ كاتێكی تر، كە ئەوەش بۆ هەمو سەرۆك وەزیرانەكانی پێشو هاتۆتەپێش.

ئەو سەركردەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی ناوی ئەو دو پۆستە وەزارییەی ئاشكرانەكردون كە كێشەیان لەبارەوە هەیە، بەڵام بەپێی زانیاریی میدیا عێراقییەكان یەكێك لەو وەزارەتانەی كە ناكۆكییان لەبارەوە هەیە، پۆستی وەزیری ناوخۆیە.

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×