بانكی ناوەندی عێراق هۆكارەكانی دەركردنی دراوی 20 هەزار دیناری دەخاتەڕو
  2022-10-19       588       

بانكی ناوەندی عێراق لە وەڵامی پرسیاری ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەماندا، چەند هۆكارێك بۆ دەركردنی دراوی 20 هەزار دیناری دەخاتەڕو.

ئاوێنە: د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردوە، بەمەبەستی بەدواداچون بۆ دەنگۆی دەرکردنی چاپی ٢٠ هەزار دیناری، بەنوسراوێکی فەرمی چەند پرسیارێکی ئاراستەی پارێزگاری بانکی ناوەندی کردبو.

وتوشیەتی، "لە وەڵامی یەکێک لە پرسیارەکان بانکی ناوەندی چەند زانیارییەکی گرنگ سەبارەت بە هۆکاری دەرکردنی ئەو دراوە نوێیە ئەخاتەڕو."

بەپێی راگەیەندراوەكە، بەشێك لەو هۆكارانەی بانكی ناوەندی خستونییەتەڕو ئەمانەن:

١-رێکخستنەوەی جۆرەکانی دیناری کاغەز و زیادکردنی دراوێکی بەها مامناوەند بۆ ئاسانکردنی مامەڵەی هاوڵاتیان و یەکە ئابورییەکان.

٢- کێشانەوەی چاپە کۆنبوەکانی دینار بەتایبەتی 10 هەزار دیناری و 25 هەزاری.

٣-کەمکردنەوەی رێگری لە ساختەکردنی دینار بەتایبەتی هەردو فیئەی 25 هەزاری و 10 هەزاری لە رێگەی پشتبەستن بە نوێترین تەکنیکی چاپکردنی دراو لە دەرکردنی ئەم دراوە نوێیە.

٤- کەمکردنەوەی خواست لەسەر فیئە مامناوەندەکانی تری دینارو درێژکردنەوەی تەمەنی بەکارهێنانی دینارە کاغەزەکان لە ئاڵوگۆڕدا.

٥- کەمکردنەوەی خەرجی چاپکردنی دینار لەڕێگەی راگرتنی چاپی 25 هەزاری و 10هەزاری و فیئە مامناوەندەکانی تری دینار لەداهاتودا بۆ نمونە چاپکردنی یەک دانە فیئەی 20 هەزاری بری دو دانە فیئەی 10 هەزاری یان چوار دانە 5 هەزارییە.

٦-دەرکردنی فیئەی 20 هەزاری ئەبێتە هۆی کەمکردنەوەی کوتلەی نەختینە لەڕوی ژمارەی یەکەکانی دینار کە لەئێستادا نزیکەی 6 ملیار پارچە کاغەزەو بەهاکەی 82 ترلیۆن دینارە.

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×