لەتیف رەشیدو ئەردۆغان پەیوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجامدا
  2022-10-22       442       

د. لەتیف رەشید، سەرۆككۆماری عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا جەخت لە گرنگی بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردو وڵات دەكەنەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، د. لەتیف رەشید پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیاوه پێگەیشت.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، "لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، ئەردۆغان پیرۆزبایی خۆی پێشکەش بە لەتیف رەشید کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆککۆماری عێراق و ئاماژەی بە خواستی وڵاتەکەی کرد بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە مێژوییەکانی نێوان هەردو وڵات و چالاککردنی هاوکاریی دوقۆڵی بنیاتنەر بە ئامانجی بەدەستهێنانی سەقامگیری لەناوچەکەدا لەسەر ئاستی سیاسی و ئابوری و ئەمنی."

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"لای خۆیەوە سەرۆك كۆماری عێراق سوپاسی سەرۆك كۆماری توركیای كرد بۆ پیرۆزباییەكەی و گرنگی پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیای دراوسێ و پێویستی بەهێزكردنیان لە بوارە جیاجیاكاندا بەشێوەیەك رون كردەوە كە بەرژەوەندی هاوبەش مسۆگەر بكات و خواستەكانی هەردو گەلی دۆست بۆ گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی بەدی بهێنێت."

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×