سەرۆکی بەرەی تورکمانی سەرسوڕمانی‌ خۆی‌ نیشانده‌دات به‌پێنه‌دانی‌ وه‌زاره‌ت به‌توركمانه‌كان
  2022-10-23       591       


حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی  رایگەیاند، پێنەدانی وەزارەت لەکابینەی نوێی حکومەتی عێراق بەتورکمانەکان مایەی سەرسوڕمانە. په‌رله‌مانتارێكی‌ توركمانیش داوا لەراسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ ده‌كات نوێنەری تورکمانەکان لەنێو حکومەت‌و دەوڵەتدا هەبێت.

ئاوێنه‌: سەرکردەی لایه‌نه‌ تورکمانه‌كانی‌ عێراق لەباڵەخانەی بەرەی تورکمانی عێراقی لەبەغدا کۆبونەوەو کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان رێکخست.

حەسەن توران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق رایگەیاند، "پێنەدانی وەزارەت لە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە تورکمانەکان لە کاتێکدا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی یەکگرتوویی عێراق، تورکمانەکان رۆڵیان هەبووە، مایەی سەرسوڕمانە".

توران داوای لەو لایەنە سیاسییانە کرد کە لە دانوستاندان بۆ پێکهێنانی کابینەی حکوومەت چاو بەو بڕیارەدا بخشێننەوە کە تورکمانەکانی نادیدە گرتووەو وتی، "داوا لە نوێنەرایەتی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین بە ئەرکی خۆی هەڵبستێت و گوشار بخاتە سەر لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەی نوێنەری تورکمانەکانیش هەبێت لە کابینەی نوێدا".

هاوكات ئەرشەد ساڵحی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراکسیۆنی تورکمانی  داوای لەراسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، محەمەد شیاع سودانی کرد نوێنەری تورکمانەکان لەنێو حکوومەت و دەوڵەتدا هەبێت.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×