ریشی سوناك دەبێتە سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا
  2022-10-24       457       

پۆستی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیاو سەرۆكی پارتی پارێزگاران بۆ ریشی سوناك یەكلایی بوەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمڕۆ دوشەممە، پێنی مۆردەنت كشانەوەی لە كێبڕكێی وەرگرتنی پۆستەكان راگەیاند. بەوەش سوناك دەبێتە جێگرەوەی لیز ترەس كە پێنجشەممەی رابردو دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا راگەیاند.

ئاوێنە: ریشی سوناك ساڵی 1980 لە دایك و باوكێكی بەڕەچەڵەك هیندی لە شاری ساوزهامپتۆنی بەریتانیا لەدایكبوە، بەوەش دەبێتە یەكەم سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا كە بەڕەچەڵەك خەڵكی ئاسیایە.

پێنی مۆردەنت، ئەمڕۆ كشانەوەی خۆی لە كێبڕكێی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا راگەیاند، بەوەش ریشی سوناك بوە سەرۆكی پارتەكەو دەشبێتە سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا كە پێنجشەممەی رابردو لیز ترەس، لەدوای شەش هەفتە لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران، دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستەكە راگەیاند.

ریشی سوناك لە شوباتی 2020 تا تەمموزی 2022، وەزیری دارایی بەریتانیا بوە لە حكومەتەكەی بۆریس جۆنسۆن.

باوكی سوناك پزیشك بوەو دایكیشی پزیشكی دەرمانساز. خۆی لە زانكۆی ئۆكسفۆردی بەریتانی و پاشان لە زانكۆی ستانفۆردی ئەمریكی لە كالیفۆرنیا خوێندویەتی.

سوناك دوای ئەوەی لە ئەمریكا چاوی بە ئەكەشتا مۆرتی، كچی گەورە ملیاردلێری هیندی و یەكێك لە جەمسەرەكانی تەكنەلۆژیای زانیاری دەكەوێت، هاوسەرگیری لەگەڵ دەكات و ئێستا دو كچیان هەیە.

بەپێی تۆڕی هەواڵی بی بی سی، سوناك تا ئێستا سەروەتی خۆی ئاشكرانەكردوە، بەڵام دەوترێت، ژیانی پیشەیی لە دنیای پارەدا، پێش ئەوەی بێتە ناو سیاسەت ئەوی كردۆتە ملیۆننێر لە كاتێكدا تەنها لە بیستەكانی تەمەنیدا بوە.

سوناك پێشتر خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید كردبو، بەڵام لیز ترەس لە مانگی ئەیلولی رابردو، پۆستەكەی بەدەستهێنا.

سوناك لە هەڵمەتەكەیدا بۆ وەرگرتنی پۆستەكە لە هاوینی ئەمساڵدا بەشێوەیەكی سەرەكی جەختی لەسەر یەك پرس كردبوەوە، ئەویش پرسی دۆخی خراپی ئابوریی بەریتانیاو پلانی بۆ زاڵبون بەسەر ئەو دۆخە خراپە ئابورییەدا بو.

سوناك بە بی بی سی راگەیاندبو، هەوڵی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیران دەدات لەپێناو "چاككردنی ئەو قەیرانە قوڵە ئابورییە"ی كە هەیەو هەروەها لەپێناو یەكخستنی ریزەكانی پارتەكەی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×