کازمی‌ 10 بڕیاری لەبارەی‌ خۆپیشاندانەوە دەرکرد
  2022-10-25       402       


سەرۆک وەزیرانی‌ کاربەڕێکەری عێراق 10 بڕیار لەبارەی‌ مامەڵەی‌ ھێزە ئەمنییەکان لەگەڵ خۆپیشاندانەکان دەركرد، لەوانە رێگری‌ لە بەکارهێنانی‌ گوللـە و گازی‌ فرمێسکڕێژ. ئەو بڕیارانە لەکاتێکدایە بڕیارە ئەمڕۆ 25ی‌ تشرینی‌ یەکەمی‌ 2022، لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی‌ دیکە تشرینیەکان خۆپیشاندان بکەن.
 
ئاوێنه‌: بەگوێرەی‌ نووسراوێک کە مستەفا کازمی‌، سەرۆک وەزیران وەک فەرماندەی‌ گشتیی‌ هێزە چەکدارەکان لە 24ی‌ تشرینی‌ یەکەمی‌ 2022 ئاڕاستەی‌ ھێزە ئەمنییەکانی‌ کردووە، 10 بڕیاری‌ دەرکردووە لەبارەی‌ مامەڵەکردنی‌ هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ خۆپیشاندانەکاندا.
 
لەو بڕیارانەدا هاتووە کە نابێت ھێزە ئەمنییەکان گوللـەی‌ ئاسایی و پلاستیکی‌ و بۆمبی‌ فرمێسکڕێژ بەکاربهێنن، ئەگەرنا لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت. هەروەها نابێت ئەو یەکانەی‌ گۆڕەپانی‌ خۆپێشاندانەکان دەپارێزن، چەکداربن. پێویستیشە دەروازەکانی‌ ئەو گۆڕەپانانە کۆنتڕۆڵ بکەن کە خۆپێشاندانیان تیادا دەکرێت و خۆپیشاندەران بپارێزن.
 
هەر بەپێی بڕیارەکانی كازمی، دەبێت هێزە ئەمنییەکان یەکەی‌ پشکنین دابنێن بۆ رێگری‌ لە بوونی‌ چەکی‌ نایاسایی و دەستگرتن بەسەریدا لە ئەگەری‌ نزیکبوونەوە لە گۆڕەپانی‌ خۆپیشاندانەکان و دوورکەوتنەوە لە پێکداهەڵپژان لەگەڵ خۆپیشاندەران و کۆکردنەوەی‌ زانیاری لەبارەی‌ ئەو کەسانەی‌ کە دەیانەوێت پشێوی‌ بێنێنەوە.
 
ئەو بڕیارانەی‌ مستەفا کازمی‌ بەر لە رۆژێک بووە لە خۆپیشاندانە چاوەڕانکراوەکەی‌ تشرینییەکان کە بڕیارە لە گۆڕەپانی‌ تەحریری‌ بەغدا و چەند شارێکی‌ دیکەی‌ عێراق بیکەن، کە داواکاری‌ سەرەکییان ئەنجامدانی‌ چاکسازیی‌ و گۆڕانکارییە لە عێراق. 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×