كارنامەی حكومەتەكەی محەمەد شیاع سودانی، بڵاوكرایه‌وه‌
  2022-10-27       671       

كارنامەی حكومەتەكەی محەمەد شیاع سودانی، بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ بڕیاره‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له‌ په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت، چه‌ند خاڵێكیش تایبه‌تن به‌ هه‌رێمی كوردستان، بەپێی بڕگەیەکی کارنامەکە، لە ماوەی شەش مانگدا یاسای نەوت و غاز پەسەند دەکرێت.

 ئاوێنە: بە گوێرەی كارنامه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی سوودانی، لە چەندان بڕگەدا داواكارییەكانی هەرێمی كوردستان جێگەیان كراوەتەوە. هەروەك لە لاپەڕە 18ی كارنامەكە و خاڵی تایبەت بە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدرالیدا هاتووە: "ئامانجی حكوومەت لەم بوارە ئەوەیە روانگە و پرۆژەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان حكومەتی فیدرالی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی بەندكانی دەستوور بخاتە ڕوو، بە تایبەتیش ئەوەی پەیوەندی بە یاسای نەوت و غاز و زەروورەتی دەركردنی یاساكەوە هەیە".

لە بڕگەی 13شدا هاتووه‌: "مافی مومارەسەكردنی سەرجەم حزبە كوردستانییەكان و ناكوردستانییەكان لە چالاكی و كردە سیاسییە دەستوورییەكانیان لە نەینەوا، كەركوك، دیالە و سەڵاحەدین، لەگەڵ چۆڵكردنی بارەگای حزبەكان كە لە لایەن ئەوانی دیكەوە بەكار دەهێندرێن هەیە".

هەرچی بڕگەی 14یە، بەڵێنی ئەوە دراوە كە رێوشوێنی ڕێككەوتنی تایبەت بە پڕكردنەوەی بۆشاییی ئەمنی لە هێڵەكانی بەرگریی نێوان هێزە فیدراڵییەكان و هێزەكانی پێشمەرگە تەواو بكرێت.

لە بڕگەی 15ی میحوەری جێبەجێكردنی كارنامەی حكوومەتەكەی محەمەد شیاع سودانیشدا هاتووە: "تەرخانكردن و خەرجكردنی شایستەكانی ئەوانەی بڕیارەگانی لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی ماددەی 140 دەیانگرێتەوە و دووبارە پێكهێنانەوەی لیژنەی باڵا لە ماوەی مانگێكی دوای پێكهێنانی حكومەت".

بڕگەی 20 یش جەخت لە هەماهەنگیی نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم لەبارەی ئەو دۆسیە و بڕیارانە دەكاتەوە كە پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە.

بڕگەی 21 تایبەتە بە سەرجەم ئەو قوتابخانانەی كە خوێندنەكەیان كوردییە و دەكەونە دەرەوەی هەرێمی كوردستان، بەڵێن دراوە ببەسترێنەوە بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی خوێندنی كوردی لە وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵی و گواستنەوەی میلاكەكانیان بۆ ئەو بەڕێوەبەرایەتییە.

لە بڕگەی 22ی كارنامەكەشدا ئاماژە بە "پێكهێنانی فەوجی فریاكەوتنی پۆلیس لە رۆڵەكانی كەركوك، ئەوان ئەركی ئیدارەدانی دۆسیەی ئەمنی لە پارێزگاكە لە ئەستۆ بگرن و پێویستییەكانیان بۆ دابین بكرێت كراوە".

بڕگەی 23 كارنامەكە یەكێكە لە گرنگترین ئەو خاڵانەی كە پەیوەندی بە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا هەیە و تیایدا ئاماژە بەوە دراوە: "بە پشتیوانیی ئەو هێزە سیاسییانەی واژۆیان لەسەر ئەم بەڵگەنامەیە كردووە، حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرپشك دەكرێت لە دانوستاندن لەبارەی دۆسیەی نەوت و بودجە تا ئەو كاتەی یاسای نەوت و غاز بەپێی دەستوور لە ماوەی شەش مانگدا دەردەكرێت. لەگەڵ پێكهێنانی لیژنەیەك لە كەسانی پسپۆڕی یاسایی و دارایی و نەوتی لە هەردوو حكومەتی فیدرالی و حكومەتی هەرێمی كوردستان".

لیژنەكە هەروەك لە بڕگەی 23 بۆیان دیاری كراوە، ئەم ئەركانەی لە ئەستۆیە:

1- پێداچوونەوەەكی تەواوەتی بە هەموو ئەو بابەتانەی رابردوو بكەن كە پەیوەندیان بە كەرتی نەوت و غاز لە هەرێم و پەیوەندیی نێوان هەردوو وەزارەتی نەوتی فیدرالی و هەرێمی كوردستانەوە هەیە، دواتریش بە ڕوانگەیەكەوە دەربچن كە هاوتا بێت لەگەڵ دەستوور و لای هەردوولا پەسەند بێت و بتواندرێت لە قۆناغەكانی دواتردا جێبەجێ بكرێت.

ب- رێككەوتن لەسەر میكانیزمێكی واقیعی كە لەگەڵ دەستوور بگونجێت بۆ رێكخستنی پەیوەندیی ئاییندە، تیایدا گەرەنتیی مافی هەموو عێراقییەكان بكات لە هەرێم و پارێزگاكانیش، لەناویدا ئامادەكردنی رەشنووسی یاسای نەوت و غاز بە تەواوی وردەكارییەكانی و خستنەڕووی بۆ بەردەم ئەنجومەنی وەزیران و بڕیار لێدانی و دواتر بەیاساییكردنی لە ئەنجومەنی نوێنەران.

ج- لە كاتی پێكهێنانی حكوومەتدا، لە ماوەی ئەمساڵدا یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2022 جێبەجێ دەكرێت و رێككەوتنیش لەسەر ئامادەكردنی پرۆژەیاسای بودجەی 2023 دەكرێت.

د- دووركەوتنەوە لە هەر رێوشوێنێك كە ببێتە هۆی بارگری، بەڵكو دان بەخۆداگرتن لەو رێوشوێنانەی كە پەیوەندییان بە حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەو كۆمپانیا نەوتییانەوە هەیە كە تیایدا كار دەكەن، بۆ ئەوەی لە زەرەرگەیاندن بە ئابووریی نیشتمانی دوور بكەوینەوە. هەردوو لایەن بە شێوەیەكی شەفاف كار دەكەن تا ئەو كاتەی یاسای نەوت و غاز لە ماوەی شەش مانگدا لە بەرواری پێكهێنانی حكومەتەوە دەردەكرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×