ئەمریكا پێشوازی لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق دەكات
  2022-10-28       335       

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پیرۆزبایی لە سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی دەكات بە بۆنەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق و جەختیش دەكاتەوە كە پەرۆشی كاركردنن لەگەڵ سودانی و حكومەتەكەی و دەشڵێت، گەلی عێراق، شایانی دەرفەتی ئابوریی و دانانی سنورێك بۆ گەندەڵی و چاككردنی حزمەتگوزارییە گشتییەكانە.

ئاوێنە: نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەمڕۆ هەینی لە راگەیەندراوێكدا وتی"ئەمریكا پیرۆزبایی لە سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی دەكات بەبۆنەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق."

وتوشیەتی"پەرۆشین بۆ كاركردن لەگەڵ سودانی و حكومەتەكەی لە چوارچێوەی بایەخە هاوبەشەكانماندا، لە چاككردنی خزمەتگوزارییەكان بۆ گەلی عێراقەوە تا گەرەنتیكردنی عێراقێكی هێمن و سەقامگیرو خاوەن سەروەری، ئەوەك ئەوەی لە رێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیدا هاتوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"گەلی عێراق، شایانی دەرفەتی ئابوریی و دانانی سنورێك بۆ گەندەڵی و چاككردنی حزمەتگوزارییە گشتییەكانە. ئەمریكا پێشوازی دەكات لەوەی كە سەرۆك وەزیرانی نوێ، چەك بخاتەوە ژێر دەستی دامەزراوە شەرعی و رەسمییەكانی دەوڵەت. ئێمە هاوبەشی بەرژەوەندیی عێراقین بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایش."

جەختیشی كردۆتەوە كە ئەمریكا ئامادەیە بۆ پێكەوەكاركردن لەگەڵ حكومەتی نوێی عێراق و گەلی عێراق بۆ روبەڕوبونەوەی ئاڵنگارییەكانی ئەو وڵاتە، لە ریفۆرمكردنی رێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤەوە بۆ چارەسەركردنی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەواو رەخساندنی دەرفەتی ئابوری بۆ زۆرترین دانیشتوان.

دوێنێ پێنجشەممە، پەرلەمانى عێراق بە ئامادەبونى 253 پەرلەمانتار کۆبوەوە بۆ دەنگدان بە کابینەى نوێى حکومەت بە سەرۆکایەتیى محەمەد شیاع سودانى و کارنامەى حکومەتەکەى.

لە کۆبونەوەكەدا 21 كاندیدى وەزارەتەکان پەسەندکران، بەڵام یەکلاکردنەوەى هەردو وەزارەتى ژینگەو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دواخران کە لە پشکى کوردن و تاوەکو ئێستا یەکێتى و پارتى لە سەریان رێکنەکەتون.

 لەو 21 كاندیدەی کە متمانەیان وەرگرت، دوانیان کورد بون کە ئەوانیش فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوە لە پشکى پارتى و خالید شوانى، وەزیرى داد لە پشکى یەکێتى.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×