یونامی پێشوازی لەپێكهێنانی حكومەتی عێراق دەكا: حكومەتی نوێ روبەڕوی ئاڵنگاریی جددی دەبێتەوە
  2022-10-28       321       

نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان لەعێراق(یونامی)، پێشوازی لە متمانەپێدانی حكومەتەكەی سەرۆك وەزیرانی محەمەد شیاع سودانی لەلایەن پەرلەمانەوە دەكات و دەشڵێت، حكومەتی نوێ روبەڕوی ئاڵنگاریی جددی دەبێتەوە كە پێویستیان بە گرتنەبەری رێكاریی یەكلاكەرەوە هەیە.

ئاوێنە: نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق لە راگەیەندراوێكدا وتی، پێشوازی لە متمانەپێدانی حكومەتەكەی سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی دەكەن كە دوێنێ لەلایەن پەرلەمانەوە دەنگی لەسەدرا.

ئاماژەی بەوەشداوە كە هەنگاوی سەرەكی داهاتو، خۆی لە دەستبەجێ تەواوكردنی پێكهاتەی وەزاریی حكومەتە نوێیەكەدا دەبینێتەوە.

یونامی وتوشیەتی، حكومەتی نوێی عێراق روبەڕوی چەندین ئاڵنگاری جددی دەبێتەوە كە پێویستیان بە گرتنەبەری رێكاریی یەكلاكەرەوە هەیە كە ئەوەش خۆی دەبینێتەوە لە چارەسەركردنی گەندەڵی سیستماتیك، جێبەجێكردنی چاكسازی، پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری شیاو بە سەرجەم هاوڵاتیان، فرەچەشنكردنی ئابوری، هاندانی بەشداریی ئامانجداری ژنان و گەنجان، چارەسەركردنی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا، كۆتاییهێنان بە سزا نەدان و لێپێچینەوەی تاوانكاران، كۆنترۆڵكردنی لایەنە چەكدارەكانی دەرەوەی دەوڵەت و سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت.

لە كۆتاییشدا وتویەتی"ئیرادەیەکی بەهێز، لە سەرانسەری کایەکاندا، بۆ دابینکردنی چارەسەری کۆنکرێتی، شتێکی گرنگ دەسەلمێنێت. نەتەوە یەكگرتوەكان پابەندبونی چەسپاوی خۆی بۆ پشتیوانیكردنی حكومەت و گەلی عێراق دوپات دەكاتەوە."

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×