وەزارەتی پەروەردەی عێراق: ئەو قوتابیانەی لە وانەی کوردی دەكەون بە دەرنەچو هەژمار دەکرێن
  2022-10-28       512       

وەزارەتى پەروەردەى عێراق، بەپێچەوانەی بڕیارێكی پێشوی خۆیەوە، لە بڕیارێكی نوێدا دەڵێت، لەو قوتابخانانەی وانەی كوردییان تێدا دەخوێنرێت هەر خوێندکارێک لەو وانەیەدا بكەوێت، ئەوا بە دەرنەچو هەژمار دەكرێت.

ئاوێنە: لە نوسراوێکى  بەڕێوەبەرایەتیی گشتی تاقیکردنەوەکان لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق کە رۆژى 24-10-2022 دەرچوەو ئاڕاستەى پەروەردەى پارێزگاکان کراوە، هاتوە"بەهۆی کۆتاییهاتنی کارکردن بە سیستەمی کۆرس و گەڕانەوە بۆ سیستەمی تێكڕای ساڵانە لە ساڵی نوێی خوێندنی (2022-2023)، بڕیاردرا بە دەرنەچو هەژمارکردنی ئەو قوتابییانەی کە لە بابەتی زمانی کوردی دەکەون لەو قوتابخانەی کە زمانی کوردییان تێدا دەخوێندرێت، ئەگەر قوتابییەکە نمرەی دەرچونی بەدەستنەهێنا."

پێشتر پەروەردەی عێراق وانەی کوردى بە لاوەکى دانابو، بەجۆرێک ئەگەر خوێندکار تێیدا نمرەى پێویستى بۆ دەرچون بەدەستنەهێنایە، بە دەرچو دادەنرا.

شێرزاد رەشید کاکە، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکوک، ئەمڕۆ هەینی، سەبارەت بە بڕیارەکە، بە روداوی وتوە"سەرەتا کە بڕیاریان دا ئەو قوتابییانەی لە بابەتی زمانی کوردی دەکەون، بە دەرچو هەژمار بکرێن بڕیارێکی خراپ بو و بۆ شکاندنی شکۆی زمانی کوردی بو کە زمانی دوەم گەورەترین نەتەوەی عێراقە، ئێمە پێمانباش نەبو، بۆیە دوای گوشاری پەرلەمانتاران و بەرپرسان دیارە ئێستا بڕیاردراوە دیسانەوە جارێکی دیکە وەکو بابەتێکی سەرەکی بابەتی زمانی کوردی لە قوتابخانەکان بخوێندرێت و هەر قوتابییەک لە بابەتەکە بکەوێت، بە دەرنەچو هەژمار بکرێت، ئێمە پێشوازی لەو بڕیارە دەکەین و پێمانباشە."

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×