یەکەمین دەوڵەتی عەرەبی پیرۆزبایی لە سودانی دەکات
  2022-10-28       427       

پادشا و شازادەی جێنشینی سعودیە بەبۆنەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق پەیامێکی پیرۆزباییان ئاڕاستەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران کرد و ئومێدی سەرکەوتنیان بۆ گەل و حکومەتی عێراق لە هەمو بوارەکان خواست.

ئاوێنه‌: نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هەینی سەلمان بن عەبدولعەزیز، پادشای سعودیە و محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی ئەو وڵاتە لە دو پەیامی جیادا پیرۆزباییان ئاڕاستەی محەمەد شیاع سودانی کردوە بەبۆنەی بەدەستهێنانی متمانەی پەرلەمانی عێراق و پێکهێنانی حکومەتی نوێ.

ئەوەش خراوەتەڕو، پادشا و شازادەی جێنشینی سعودیە هیوای سەرکەوتنیان بۆ سودانی خواست لە ئەرکەکەیدا و ئومێدییان خواست گەلی عێراق لە بەرەوپێشچون و گەشەسەندنی زیاتردا بێت.

دوای تێپەڕبونی زیاتر لە ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمان، شەوی رابردو پەرلەمانی عێراق کابینەی نوێی حکومەتی بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی پەسەندکرد و متمانەی بە 21 وەزیریش بەخشی.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەوتارەکەیدا بۆ پەرلەمانتاران رایگەیاند، کەرتەکانی تەندروستی، کارەبا، خزمەتگوزارییەکان لەرێگەی شارەوانی، روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی لە پێشینەی کاری حکومەتەکەی دەبن.

وتیشی، حکومەت پلانی کورتخایەن، مام ناوەند و درێژخایەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری ئامادە دەکات، هەروەها کار دەکات بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و دۆزینەوەی دەرفەتی کار بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×