لاهور شێخ جەنگی، بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاریی هەرێمی كوردستانئاماژە بەوە دەکات کە نە باڵی هەبوەو نەباوەڕیشی بەباڵباڵێن هەیەو نەقەتیش باڵی دەبێ، ئەو دەڵێت "هەموو یهکێتیی بە هی خۆم دەزانم".
ئاوینە: لاهور شێخ جەنگی، لەچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ رۆژنامەی «ئاژانس»دا کە لەژمارەی ئەمرۆیدا بلاوکراوەتەوە جەغت لەوە دەکات دانانی پارێزگاری کەرکوک، هەروەكو ئەوەی لەگەڵ پارتی لەسەری ڕێككەوتون لەیەك دو ڕۆژی داهاتو ئەو كاندیدەی هەردولایان لەسەری ڕێككەوتوین، بە ڕەسمی دەناسێنرێتو هەنگاوەكان بۆ دانانی ئەو پارێزگارە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەو دەڵێت "بەدڵنیاییەوە بوونی پارێزگارێكی كورد دەتوانێت كۆسپێكی گەورە بێت لە بەردەم هەركەس و لایەنێك كە بیەوێت تەعریب بكات لە كەركوك".
سەبارەت بەپێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتو کاندیدەکانی یەکێتی، لاهور شێخ جەنگی دەڵێت "پێم وایە ئەمجارە هەموو نەیارەكانمان تووشی شۆك كرد. بە دڵنیاییەوە ئەوەی ڕووی دا، ڕەنگدانەوەی ئەو پێكەوەكاركردنەیە كە ئێمە لە یەك دوو ساڵی ڕابردوو بینیومانە كە ئێمە لە یهکێتیی نیشتمانیی كوردستان، جۆرێك لە پێكەوەكاركردن و لەیەكتێگەیشتنی زیاتر هەبووە لە نێوان ئەوانەی كە جاران پێیان دەگوترا تەكەتولەكان".
دەربارەی ئەوەی كاندیدی هەبوە بۆ وەزارەتەكانی ئەم كابینەیە، لاهور دەڵێ "من هەموو یهکێتیی بە هی خۆم دەزانم و خۆشم بە هی هەموو یهکێتیی دەزانم. ئەوەی كە هەندێ كەس گرەوی لەسەر كردبوو كە یهکێتیی ناتوانێت خۆی یەكلا بكاتەوە لەسەر مەسەلەی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان، بینیمان بە شێوەیەكی سەرسوڕهێنەر و لە ماوەی سێ چوار كاتژمێر، لە پڕۆسەیەكی زۆر دیموكراتیدا، توانیمان ناوی كاندیدەكانمان یەكلا بكەینەوە. ئەمە ڕەنگدانەوەی ئەم پێكەوەكاركردنەی یەك دوو ساڵی ڕابردووی برادەرانی ناو یهکێتییە. دڵنیاتان دەكەمەوە باڵباڵێن لەناو یهکێتیی زۆر كاڵ بووهتەوە. ئێستا من زۆربەی ئەو برادەرانە بە كاندیدی خۆم دەزانم".
.دەشڵێت "هەموو ئەو كاندیدانەی خۆیان هەڵبژاردووە داوای پشتیوانییان لەمن كردووە. من پشتیوانیان بووم بە ڕاستی. دەتوانن یەك بە یەك پرسیاریان لێ بكەن، كاك قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش، كە بەڕێز كاك شێخ جەعفەرە، من پشتیوانی تەواوی بووم. ئەسڵەن من خۆم پێشنیاری ئەوەم بۆ كرد كە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم وەربگرێت. بە ڕێواز خانەوە. كە لەو كاتەدا ناكۆكییەك هەبوو لەگەڵ بێگەرد خان لەسەر مەسەلەی یەكلاكردنەوەی سەرۆكی پەرلەمان، ئێمە بە باشمان زانی بەم شێوازە بێت كە ڕێواز خان بۆ سەرۆكی پەرلەمان و بێگەرد خان بە دڵخۆشییەوە و من سوپاسی دەكەم لەبەر خاتری یهکێتیی، وەزارەتی كشتوكاڵی پەسەند كرد. واتە هەموو ئەوانە ڕەزامەندیی منی لەسەر بووە و من هەموویان بە كاندیدی خۆم دەزانم".
لاهور ئاماژە بەوەش دەکات ئەمجارە بڕیاری یهکێتیی نیشتمانیی كوردستانە، كە بەجددی پاڵپشتی ئەم حكومەتە بن. ئەو دەڵێت "لەكۆبونەوەكان لەگەڵ برایانی پارتی، وتومانە یان نایەینە ناو حكومەتەكە یان ئەمجارە كە هاتین ئێمە سهداسهد پشتیوانێكی سەرسەختی ئەم حكومەتە و كار و بەرنامەكانی دەبین لە پێناوی خەڵكدا. بەڵام مەرجیشمان هەیە، هەم وەكو ئەوەی كە لە ڕێككەوتنە سیاسییەكە لەگەڵ پارتی كردوومانە، بە هیچ شێوەیەك ئێمە قبووڵی ناكەین ئەم چوار ساڵەی داهاتوو وەكو چوار ساڵی ڕابردوو بێت، زۆنی سەوز پشتگوێ بخرێت، و هەرچی سەروەت و سامان و داهاتی ئەم ناوچەیە هەیە ببرێت و لە شوێنی تر بە كار بهێنرێت".
دەشڵێت "لەكۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسییش وتراوە كە ئێمە ماوەی ساڵێكمان داناوە بۆ چاودێریكردنی كاروباری ئەو خەڵكانەی كە نوێنەرایەتیی یهکێتیی دەكەن لەم حكومەتەدا. لە دوای ساڵێك ئێمە تەقیمیان دەكەین و پێداچوونەوە دەكەین. ئەگەر خەڵكانێك ئەدایان باش نەبووبێت و نەیانتوانیبێت كار و چالاكییەكانیان بە ڕێكوپێكی ڕابپەڕێنن بۆ خزمەتكردنی میللەتەكەمان، بە دڵنیاییەوە ئەگەری لابردنی ئەم خەڵكانە دەبێت".
لاهور ئەوەش روندەکاتەوە کە بەستنی كۆنگرەی یەکێتی شتێكی حەتمییە. بۆ ئەوەی یهکێتیی بتوانێت لە ژیانی خۆی بەردەوام بێت دەبێت لەم پێنج شەش مانگەی ئاییندە، كۆنگرەی خۆی بكات. ئەگەرنا توشی كارەساتی گەورە دەبێت، ئەو دەڵێت "كۆنگرەش بۆ تهسفیەی حسابات نییە. كۆنگرە بۆ ئەوەیە بتوانین حزبەكەمان نوێ بكەینەوە، خوێنی تازە بهێنین. پەیڕەو و پڕۆگرام و هەیكەلی حزبەكەمان بگۆڕین. ئەو پێكەوەكاركردنەی ئێمە و مانان لەیەك دوو ساڵی ڕابردوو، جیلی كۆن و جیلی تازە بە ڕاستی بە یەكەوە هەنگاوی باشیان ناوە و لێكتێگەیشتنێكی باش درووست بووە. من پێم وایە ئەوە دەتوانێت ڕەنگ بداتەوە لەناو كۆنگرەش. هەندێك لە جیلی كۆن بمێنێتەوە، ئەوانەی كە ناشمێننەوە، بە ئارەزووی خۆیان یا لە كۆنگرە دەرناچن، پێویستە ڕێز لە خەبات و ماندووبوونیان بگیرێت و پێگەیەكیان بۆ دیاری بكرێت كە ڕاوێژیان پێ بكرێت لەبەر ئەو ئەزموونەی هەیانە. بە دڵنیاییەوە ئێمە بەرەو كۆنگرە دەڕۆین و بە ئەنجامدانی كۆنگرەیەكی سەركەوتووی یهکێتیی، هاوسەنگیی هێز بۆ ناو هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە".
دەشڵێت "من پێم وایە كاركردنی یهکێتیی و پارتی پێكەوە حەتمییە و بەبێ یەك ناتوانن، لە كاتێكدا بە تایبەتی دەبینین ململانێ نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەكان هەمووی لەسەر خاكەكەی ئێمە خەریكە یەكلایی دەبێتەوە. ئەگەر وریا نەبین ئێمە و پارتی، كە ئێمە پێش هەموو حزبەكانی تر بەرپرسیاری یەكەمین و بەرپرسیارێتیی گەورەمان دەكەوێتە ئەستۆ، ئەگەر وریا نەبین، پێم وایە ئەم ئەزموونەش دەخەینە ژێر مەترسییەوە ئەگەر بە عاقڵانە تەعامول لەگەڵ یەكتری نەكەین و خۆمان بەوە بزانین كە دەتوانین كۆنتڕۆڵی هەموو حزبەكانی تر بكەین".