نێردەی تایبەتی سەرۆكی فەرەنسا: ماکرۆن بەنیازە لە نزیکترین کاتدا سەردانی عێراق بکات
  2022-11-03       493       

نیردەی تایبەتی سەرۆكی فەرەنسا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە دیدارێكدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی وڵاتەكەیان بەنیازە لە نزیكترین كاتدا سەردانی عێراق بكات.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیران، پێشوازی له‌ پاتریك دۆرێل، نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقیا و وەفدێكی یاوه‌ری كرد.

 بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لەدیدارێکدا وەفدە فه‌ره‌نسییەكە نامه‌یه‌كی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسایان گەیاندە دەستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كە تێیدا ‌جه‌ختی له‌گرنگی په‌یوه‌ندییه‌ دوقۆڵییه‌كان و هه‌وڵدان بۆ پەرەپێدانی هاریكاری و شه‌راكەتی‌ ‌نێوان هه‌ردو وڵات كردۆتەوەو هەروەها لەبەشێكی دیكەی نامەكەیدا سەرۆكی فەرەنسا، بانگهێشتی سەرۆك وەزیرانی عێراقی كردوە بۆ سەردانی وڵاتەكەی و سەرۆك وەزیرانی عێراقیش بەڵێنیدا لەنزیكترین دەرفەتدا سەردانی فەرەنسا بكات.

 بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لەو دیدارەدا جه‌ختکرایەوە له‌سه‌ر پێویستی هاریكارییەكان به‌پێی ئەو رێككه‌وتن و یاداشتانەی لەنێوان هه‌ردو وڵات ئیمزاكراون.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، له‌م باره‌یه‌وه‌ سه‌رۆك وەزیران جەختی لە گرنگی هاریكاری له‌گه‌ڵ لایه‌نی فه‌ره‌نسی كردەوە بۆ هاوكاریكردنی عێراق له‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پاره‌ دزراوه‌كانی، لەگەڵ بەشداریکردنی فەرەنسا لەبەهێزکردنی تواناکانی لێکۆڵەران لەدەستەی دەستپاکی و هەروەها هاوكاریكردنی عێراق لە پشتیوانیكردنی كەرتی تەندروستیدا.

لەلای خۆیشیەوە پاتریك دۆرێل، جەختی كردەوە كە فەرەنسا بەشداریی لە "لوتكەی بەغدا" دەكات كە بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵ لە ئوردن بەڕێوەبچێت و راشیگەیاند، ئیمانۆئیل ماکرۆن بەنیازە لە نزیکترین کاتدا سەردانی عێراق بکات.

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×