پێشنوێژی سوننە له‌ زاهیدان داوا دەکات لە ئێران ڕیفراندۆم بکرێت
  2022-11-04       368       

وتاربێژی بەناوبانگی سوننە مەزهەبی شاری زاهیدان لە وتاری ئەمڕۆیدا داوای ڕیفراندۆمی لە ئێران کرد کە چاودێرانی نێودەوڵەتی چاودێریی پڕۆسەکە بکەن، وتیشی: "میللەتێک کە 50 ڕۆژە لە سەر شەقامە، ناکرێت بەکوشتن و زیندانیکردن وەڵامیان بدرێتەوە".

ئاوێنه‌: عەبدولحەمید ئیسماعیل زهی وتاربێژی بەناوبانگی سوننە مەزهەبی شاری زاهیدان لەوتاری ئەمڕۆی هەینیدا ئاماژەی بەوەدا، دەبێت چیتر دەنگی خەڵک لەلایەن ناوەندە ئیسلامییە زانستییەکان و بەرپرسانی ئێرانەوە بەباشی ببیسترێت، چونکە ئەم خەڵکە خوێن و کوژراویان لەپێناویدا داوە و ناتوانن لە خواستەکانیان بیانکشێننە دواوە".

وتیشی "ئێستا زۆرینە لەحکومەت و ئیدارەدانی وڵات ناڕازییە، ئەگەر ئەم قسانە بە ناڕاست دەزانن، ڕیفراندۆمێک ئەنجامبدەن کە چاودێرانی نێودەوڵەتی سەرپەرەشتی بکەن".

لەبارەی مافەکانی ژنان و خۆپیشاندانەکانیشەوە لەوتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا، یاساکان دەبوایە لەم ماوەیەدا بگۆڕابانایە کە 40 ساڵە هەمان یاسای پێشوو لەحەقی هەموان پەیڕەو دەکرێت کە دەبینین ناڕەزایەتی لە یاساکاندا هەیە و جیاوازی ڕەگەزیی بەسەر خانماندا سەپێنراوە و لەسەرپۆش لەسەرکردنێکدا بۆ ئەوان قەتیس کراوە و ناشتوانین لە بوونی ئەم یاسایانەدا بڵێین خۆپیشاندان نەکرێت، بەڵام داوام وایە کەمترین زیان لە ماڵ و موڵک و خەڵکی ئاسایی بدرێت.

عەبدولحەمید ئیسماعیل زهی ئاشکراشیکرد، بە مەحمود ئەحمەدی نەژدای سەرۆککۆماری پێشووی وڵاتم وتووە با وەزیرێکی سوننە لە کابینەی حکومەتی ئێراندا هەبێت، بەڵام ئەو وتی "ئەوە لەدەستی مندا نییە و ئەگەریش بیناسێنم لە پەرلەمان دەنگ بەدەستناهێنێت.

سەرزەنشتی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەشی کرد و وتی: "ئەتانەوێت خەڵک بەزۆر بۆ بەهەشت بنێرن، بەڵام دەبێ بزانن نە شیعە نە سوننە هیچکامیان بەمشێوازە ناچنە بەهەشتەوە و هەموو ئەم توڕەبونەی خەڵک لە سەر شەقام لە هەنگاو و کرداری خراپی حکومەتەوەیە، تالیبان لە ئەفغانستانیش ناتوانێت تالیبانی 20ساڵ لەمەوبەر بێت تا ئێوە ئاوا بەردەوامبن".

عەبدولحەمید ئیسماعیل زهی ناسراو بە مەولانا عەبدولحەمید، وتاربێژی بەناوبانکی سوننە مەزهەبی شاری زاهیدان ،بەڕێوبەری قوتاخانەی دارولعلومی زاهیدان و ئەندامی یەکێتی جیهانی زانایانی موسوڵمانان و ئەندامی کۆمەڵەی جیهانی فیقهی ئیسلامی و بەڕێوەبەری ئەنجومەنی هەماهەنگی قوتابخانەی ئەهلی سوننەیە لەوڵاتی ئێران و لەماوەی خۆپیشاندانەکاندا ڕۆڵێکی بەهێز لەنێوان حکومەت و خەڵکدا لەوتارەکانیدا وەک مەرجەعێکی سوننە مەزهەب دەبینێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×