سەرۆک وەزیرانی عێراق: لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر بودجە و نەوت رێکدەکەوین
  2022-11-08       597       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر بودجە و یاسای نەوت و گاز رێکدەکەون ئینجا پڕۆژە یاساكانیان دەنێرنە پەرلەمان.

ئاوێنە: سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، لەدوای كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بابەتی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغداو هەولێر پێویستە چارەسەر بكرێت و ناكرێت بەردەوام بێت.

وتیشی، ئەوەی پەیوەستە بە نەوت و بودجەو دەروازە سنورییەكان و دۆسیەكانی دیكەش، خواستێكی جددیمان لەلای هەرێمەوە بەدی كردوە بۆ چارەسەركردنیان، رێككەوتنی سیاسیش كراوە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە بەشێوەیەكی پیشەییانە كە دادگەری بەدی بهێنێت بە هەمو لایەنەكان و بەتایبەتیش بەغداو هەولێر رێككەوتون لە چوارچێوەی دەستور بۆ رێكخستنی پەیوەندییەكانیان.

ئاماژەی بەوەشداوە كە، بەم نزیکانە بودجەی 2023 تەواو دەکەین و دەینێرینە پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام بەر لەوەی دەنگ بە یاسای بودجە بدرێت لەگەڵ وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان دادەنیشین و کۆدەبینەوە، لەسەر شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان رێکدەکەوین.

 وتیشی، سەبارەت بە یاسای نەوت و گازیش، لەگەڵ هەرێمی کوردستان دادەنیشین، پێش ئەوەی ئەو بابەتانە یەکلایی بکەینەوە و بینێرینە پەرلەمان، لەگەڵ هەرێمی کوردستان رێکدەکەوین.

جەختیشی كردەوە، بابەتی یاسای نەوت و گاز یەكێكە لە گرنگترین چارەسەرەكان بۆ دۆسیەی نەوت. لەگەڵ وەزارەتی نەوت لە گفتوگۆداین بۆ ئامادەكردنی رەشنوسی یاساكە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×