ئیسماعیل قائانی فه‌رمانده‌ی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، گه‌یشته به‌غدا و به نیازه له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران و به‌رپرسانی باڵای سه‌ربازیی ئه‌و وڵاته‌دا كۆ ببێته‌وه.
سه‌ردانی قائانی رۆژێك دوای ئه‌وه دێت كه هێزه‌كانی ئه‌و له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی ئێران، ئۆپراسیۆنێكی ئه‌نجام دا و مووشه‌كبارانی باره‌گاكانی حزبی دیموكراتی كوردستان له كۆیه و كۆمه‌ڵه له زڕگوێزی كرد.
دوێنێ له دوای هێرشه‌كه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، هێرشی سوپای پاسداران بۆ سه‌ر قووڵایی خاكی هه‌رێمی كوردستانی مه‌حكووم كردبوو. پێده‌چێت قائانی له هه‌ڵوێستی حكوومه‌تی عێراق نیگه‌ران بێت كه به هاوپه‌یمانی خۆی هه‌ژماری ده‌كات.
یه‌كێك له ئامانجه‌كانی سه‌ردانی قائانی وه‌ك چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك خستویانه‌ته ڕوو، ئه‌وه‌یه هاوكاری و پاڵپشتییه‌كانی خۆی بۆ حكوومه‌تی نوێی عێراق دووپات بكاته‌وه.
هه‌روه‌ها باس له‌وه كراوه قائانی جگه له له‌تیف ره‌شید سه‌رۆك كۆماری عێراق، چاوی به محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و هه‌ندێك فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی ده‌كه‌وێت.
ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی سوپای پاسدارانی ئێران له كاتێكدا ده‌یه‌وێ له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كان زیاتر رۆڵ بگێڕێت و هه‌ژموونی كۆماری ئیسلامی، به‌رفراوان بكات كه له ناوخۆ تووشی دۆخێكی زۆر ناله‌بار بووه، زۆربه‌ی هێزه‌كانی سه‌ربه قودسی سوپای پاسداران بۆ ناوخۆی ئێران گواستراونه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی خۆپێشاندانه‌كان سه‌ركوت بكه‌ن.
سوپای پاسدران له ماوه‌ی رابردوودا گوشاری خستووه‌ته سه‌ر حكوومه‌تی عێراق، بۆ ئه‌وه‌ی هاوشێوه‌ی موجاهیدینی خه‌لق، حزبه‌كانی كوردستانی ئێرانیش ده‌ربكات، به‌ڵام ئه‌و ویسته‌ی به‌دی نه‌هاتووه و ته‌نانه‌ت ده‌ستدرێژییه‌كانی بۆ سه‌ر خاكی عێراق مه‌حكووم كراوه، له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیشدا ئێران رووبه‌ڕووی سزا و هه‌ڵوێستی توند بووه‌ته‌وه.