بافڵ تاڵەبانی: دوو ئیدارەیی دروستبێت سنووری هەولێر لە سنووری سلێمانی زیاتر زیانمەند دەبێت
  2022-11-16       415       


سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند، دوو ئیدارەیی بوونی هەیە و دەڵێت، "قەوارەی هەرێمی کوردستان نەمێنێت هەموومان زیانمەند دەبین.. و دوو ئیدارەیی دروستبێت سنووری هەولێر لە سنووری سلێمانی زیاتر زیانمەند دەبێت." 

ئاوێنه‌: بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە ئەمڕۆ سێشەممە 15-11-2022 پەخش کرا و شاهۆ ئەمین لەگەڵی ئەنجامیدا، لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی و لایەنەکان، دۆخی نێوخۆیی یەکێتی، کێشەکانی بەغدا، دۆخی سلێمانی و چەند پرسێکی دیکەوە قسەی کرد.

بافڵ تاڵەبانی لە دیدارەکەدا وتی، ئەوەی ئێستا دەبینین جۆرێکە لە دوو ئیدارەیی و نابێ وابێت، ئێمە داوای لامەرکەزییەتمان کردووە نەک دوو ئیدارەیی ئەمەی ئێستا هەیە دوو ئیدارەییە، من جیاوازییەکی روون ئەبینم لەنێوان هەردوو زۆنەکە کە خەڵکی نیگەرانکردووە". 

بافڵ تاڵەبانی زیاتر لەو بارەیەوە قسەی کرد و وتی، "ئێمە لە سلێمانی بەشێکی زۆر لەپارەی خزمەتگوزارییەکان خۆمان تەرخانی دەکەین". 

لەبارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بافڵ تاڵەبانی وتی، ئەگەر لێمان گەڕێن نێوانمان لەگەڵ کاک مەسعود زۆر باشە، بەڵام هەستەکەم لایەنێک هەیە نایەوێ نێوانی ئێمە باش بێت، ئێمە هەموو هەوڵێکمان داوەو بەردەوامیشین، زیاتر لە 16 جار چووم بۆ بینینی مەسعود بارزانی ، بەڵام هەستەکەم دەستێک هەیە رێگرە لەوەی پەیوەندیمان باش بێت".

لەبارەی وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی خەڵک بافڵ تاڵەبانی باسی لەوە کرد، "ئێستە هێڵی گەرمی پەیوەندیمان داناوە، چەند رۆژێکی تر دەکەوێتەکار، بۆ ئەوەی خەڵک داواو داواکارییەکانیان بگەیەنن و لە کێشەکانیان ئاگادارمان بکەنەوە".

لەبارەی پرسی یەکخستنەوەی داهاتی خاڵە سنوورییەکان گەڕانەوەی داهاتەکەی بۆ حکومەت، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەڵێت، "ئێمە وەک یەکێتی لە خۆمان ناترسین بۆ هەموو شتێک ئامادەین، با گەورەترین کۆمپانیای چاودێری بهێنن داهاتی سنورەکان یەک بخەینەوە و داهاتەکان هەموو کۆبکرێتەوە و بە دادوەرانە دابەش بکرێت". 

سەبارەت بە بوونی ئاسۆیەک بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی بافڵ تاڵەبانی وتی، " هەموو کێشەکان و لێکتێنەگەیشتنەکان یەک پاکێجن ، ئەوەیش ئەوەیە ئایا ئێمە شەریکین یاخود شەریک نین، بەڵێ یان نەخێر ئەوە وەڵام بدرێتەوە کێشەکانی تر چارەسەر دەبن".

سەبارەت بە ئەگەری دووبارە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی نێوان لایەنەکان و بەتایبەتیش یەکێتی و پارتی، بافڵ تاڵەبانی وتی، "ئێمە هەموو کات بۆ گفتوگۆ ئامادەین و چەندین جاریش ئاماژەمان بەوە کردووە". 
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×