عێراق لە داهاتوودا بەشەخۆراکی ئەو کەسانە دەبڕێت کە چوونەتە دەرەوەی وڵات
  2022-11-16       393       


وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند بەنیازە بەشەخۆراکی مانگانەی پێنج ملیۆن هاوڵاتی ببڕێت کە چوونەتە دەرەوەی عێراق.
  
ئاوێنه‌: ستار جابری، بریکاری ئیداری وەزارەتی بازرگانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 16-11-2022 بە کەناڵی عێراقییەی راگەیاندووە، وەزارەت هیچ داتابەیسێکی تۆکمە و ڕاستەقینەی نییە کە بتوانرێت لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا پشتی پێ ببەسترێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، "وەزارەت بەشەخۆراکی بۆ 40 ملیۆن هاوڵاتی عێراقی دابینکردووە، بەڵام نزیکەی پێنج ملیۆنی لە دەرەوەی وڵات دەژین، هەروەها داتابەیسی مردووان و ئەوانەشی کە پێدانی بەشەخۆراک نایانگرێتەوە بەردەست نییە وەک خاوەن کۆمپانیاکان و ئەوانەی داهاتیان بەرزە دەگەنە ملیۆنان کەس".  

بە وتەی ستار جابری"وەزارەت ناچارە بە دابینکردنی بەشەخۆراک بۆ سەرجەم هاوڵاتیان چونکە هیچ داتابەیسێکی لەبەردەست نییە."  

"نوسراویان بۆ وەزارەتەکانی دەرەوە و کۆچ و کۆچبەران کردووە کە ناوی ئەو کەسانەیان پێ بدات کە لە دەرەوەی عێراق دەژین، بەڵام تائێستا هیچ لیستێکمان پێ نەگەیشتووە." بریکاری ئیداری وەزارەتی بازرگانی وادەڵێت. 
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×