سودانی: هێرشەكانی ئێران بەبێ رەزامەندی ئێمە ئەنجام دراون
  2022-11-22       485       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی هێرشەكانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەو هێرشانە بەبێ رەزامەندی ئێمە ئەنجام دراون. جەختیشی كردەوە كە ئەو هێرش و دەستدرێژییانە بۆ سەر خاكی عێراق لە هەر وڵاتێكەوە بن  رەتكراوەن.

ئاوێنە: محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ سێشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا كە "لە چەند رۆژی رابردودا ئێران هێرشی بۆ سەر هەرێمی كوردستان ئەنجامدا و پێشتریش توركیا هێرشی ئەنجام داون. ئایا ئەم هێرشانە بە رەزامەندی حكومەتی عێراق ئەنجام دراون؟ هەواڵی ئەوە هەیە لە ئێرانەوە كە رێككەوتن كراوەو وادەیەك دانراوە لەبارەی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە؟" وتی"بێگومان ئەو هێرشانە بەبێ رەزامەندی ئێمە ئەنجام دراون، چونكە دەستدرێژییەكان لە بنەڕەتدا رەتكراوەن لای ئێمە لە هەر وڵاتێكەوە بن چ ئێران بێت یان توركیا. هەر دەستدرێژییەك بۆ سەر سنوری عێراق بێ هیچ چەندوچونێك رەتكراوەو بێ پاساوە."

ئاماژەی بەوەشدا "ئەو هێرشانە زۆر دوبارە بونتەوەو بەردەوامن، سبەی یان لە دو رۆژی داهاتودا، كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیمان دەبێت، داوامان كردوە لایەنە ئەمنییە پسپۆڕەكان لێكۆڵینەوە بكەن لەبارەی جێگیركردنی هێزە رەسمییەكانی عێراق لەسەر سنور لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، كۆسپ هەن و پێویستە ئەو كۆسپانە تێپەڕێنرێن و بۆ ئەوەی بڕیار بدرێت و بۆ ئەوەی جێگیركردنی هێزە رەسمییەكانی عێراق لەو ناوچانەی سەر سنور جێبەجێ بكرێت، بۆ ئەوەی ئەو پاساوە لابدەین كە دەوترێت سنور كراوەیەو پاسەوانی سنورو بنكەو ئاڵای عێراقی لێ نییە."

جەختیشی كردەوە"ئەم رێكارە گرنگەو لەدوای ئەوەش رێكاری دیكە دەگیرێنەبەر تایبەت بە وەستانەوە بەڕوی دەستدرێژییەكاندا لەسەر بنەمای رێگە یاسایی و دیپلۆماسییەكان."

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×