عێراق چوار بڕیاری بۆ جێگیركردنی هێزەكانی لەسەر سنورەكانی لەگەڵ توركیاو ئێران دەركرد
  2022-11-23       785       

ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ئەمشەو چوارشەممە لە كۆبونەوەی خۆیدا لەبارەی جێگیركردنی هێزە عێراقییەكان بەدرێژایی سنورەكانی لەگەڵ توركیا و ئێران، چوار بڕیاری دەركرد.

ئاوێنە: یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمشەو چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانی عێراق، بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان و ئەندامانی ئەنجومەنەكەو سەرۆك ئەركانی پێشمەرگە كۆبوەوەو تاوتوێی دەستدرێژییەكانی توركیاو ئێرانی بۆ سەر سنورەكانی عێراق و بۆردومانەكانی ژمارەیەك لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی كرد.

ئاماژەی بەوەشداوە، لەپێناو راگرتنی ئەو دەستدرێژییانە، لە پاڵ بەردەوامی هەوڵە دیپلۆماسییەكاندا، ئەنجومەنەكە ئەم بڕیارانەی دا.

1.دانانی پلانێك بۆ سەرلەنوێ جێگیكردنەوەی هێزەكانی سنوری عێراق بەدرێژیی سنور لەگەڵ ئێران و توركیا.

2.دابینكردنی سەرجەم پێداویستییەكان پشتیوانی لۆجیستی بۆ فەرماندەیی هێزەكانی سنورو بەهێزكردنی توانا مرۆییەكان و دابینكردنی پارەی پێویست و پاڵپشتیكردنیان بە چەك و كەلوپەل، بۆ ئەوەی بتوانن ئەركەكانیان جێبەجێ بكەن.

3.مانۆڕكردن بە سەرچاوە مرۆییەكانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ بەهێزكردنی بنكە سنورییەكان.

4.هەماهەنگیكردن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی 1 و 2ی سەرەوە، بە ئامانجی یەكخستنی هەوڵە نیشتمانییەكان بۆ پاراستنی سنورەكانی عێراق.

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×